ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد، بە بۆنەی پشتگیری کردن لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەستبەسەر کراون

14:20 - 4 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، ژمارەیەک هاووڵاتی کوردیان لە کاتی شادی و ئاهەنگ‌گێڕاندا بە بۆنەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەسبەسەر کرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕەزبەر، هاووڵاتییانی کورد، لە شارەکانی کوردستانی ئێران، بۆ پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان هاتنە سەرشەقام.

خەڵک لە شارەکانی سنە، بانە، پیرانشار، بۆکان، مەهاباد، سەردەشت، سەقز، کامیاران، مەریوان و جوانڕۆ لە شەقامەکاندا جێژن و شادییان گێڕا.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، جوانڕۆ و سنە لەگەڵ خەڵك تێکەڵچوونیان بوو و چەندین هاووڵاتییان دەستبەسەر کردووە.

هەواڵنێری کوردپا، لە شاری پیرانشار شوناسی چەند کەس لە گیراوانی بەم شێوە ڕاگەیاند:

شۆڕش ئیبراهیمی
قادر ئازەربەرزین
سەلیم خزری
سۆران حسێن پوور
بەختیار مەعروفی
واحید


شایانی باسە، ئەم سێ هاووڵاتییە \"سۆران حسێن پوور، بەختیار مەعروفی و واحید\" پێش لە بەڕێوەچوونی شایی و خۆشی بۆ ڕێفراندۆم کاتژمێر ٧ی ئێوارە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی شاری پیرانشار دەستبەسەر کراون.

سەرچاویەکی ئاگادار لە گیرانی ئەم هاووڵاتییانە بە هەواڵنێری کوردپای وت: ئەم گیراوانە بە هۆی پۆشینی جلوبەرگی کوردی و پشتیوانی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەستبەسەرکراون.

هەروەها هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان، هەواڵی گیرانی هاووڵاتییانی کوردی لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگەیاند.

شوناسی گیراوانی شاری بۆکان، لە لای ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا پارێزراوە و ئاژانسی کوردپا لە سەر داوای خۆیان لە بڵاو کردنەوەی ناوی ئەو گیراوانە خۆ دەبوێرێت.

لە شاری مەهابادیش هێزە ئەمنییەتییەکان، ژنێکی کوردیان بە ناوی \"ڕووناک ئاقایی\" بە هۆی بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵەکانی ئاژانسی کوردپا، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران بۆ پێشگرتن لە خرۆشانی خەڵکی کوردستان لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هێزەکانی گاردی دژەشۆڕشی لە شارەکانی مەریوان، بۆکان و مەهاباد جێگیر کردووە.