ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری تەورێز سەردانی محەممەد باختەریان لە نەخۆشخانە کرد

13:42 - 4 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە خەڵکی شاری تەورێز بە نیشانەی ڕێزدانان لە محەممەد باختەر کە حەوتووی ڕابردوو لە کاتی ڕزگار کردنی سەگێک لە نێو تێلدڕووی پایگا لە شاری عەجب شێر لاقێکی لە دەست دا بوو، سەردانی ئەو سەربازە کوردەیان لە نەخۆشخانەی ئەو شارە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٣ی بەفرانبار، ژمارەیەک لەهاووڵاتییانی شاری تەورێز بۆ ڕیزدانان لە هەوڵی سەید محەممەد باختریان بۆ ڕزگار کردنی سەگێک سەردانی ئەو سەربازە کوردەیان لە نەخۆشخانە کرد.

سەردانی هاووڵاتییانی خەڵکی شاری تەورێز لە محەممەد باختر لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتۆتەوە.

هەروەها بە نیشانەی ڕێزگرتن لە محەممەد باختر، چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی کەماڵ ڕاستخانی مەودای شاری مەریوان هەتا تەورێز بە پاسکیل بڕی.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەوزی چیایی مەریوان بە دروشمی\"پشتیوانی لە ژینگە و هاوخەمی دەربڕین لەگەڵ ئەو سەربازە کوردە\"، مەودای٣٢٢ کیلۆمێتر بە پاسکیل ڕیکابزەنی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز، سەربازێکی خەڵکی گوندی هانە شێخانی مەریوان لە شاری عەجب شێری پارێزگای تەورێز لەکاتی ڕزگار کردنی سەگێک لەنێو تێلدڕووەکانی ئەم پایگا بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکان لە دەوروبەری پایەگا بە سەختی بریندار بوو.

لینکی پەیوەندیدار:
سەربازێکی کورد بوو بە قوربانیی تەقینەوەی مین