ژمارەیەک لە نووسەر و چالاکانی مەدەنی لە کرماشان دەستبەسەر کران

15:24 - 18 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی مانگرتنی شاری بانە و پشتیوانی خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ژمارەیەک هاووڵاتیی لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری کرماشان دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خەرمانان، ٥ نووسەر و چالاکیی مەدەنی لە شاری کرماشان بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵکی شاری بانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری کرماشان دەستبەسەر کران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کرماشان، شوناسی ئەو ٥ نووسەر و چالاکە مەدەنییە کوردەی بە ناوەکانی \"فەرزاد سەفەره، فوئاد موزەفەری، شەهریار تەهماسبی، شەهریار ڕۆستەمی، ئەرسەلان عەباسی\" ڕاگەیاند.

ئەو ٥ چالاکە مەدەنییەڕۆژی پێنجشەممە بە مەبەستی پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵکی شاری بانە و ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر کوژرانی ٢ کۆڵبەری کورد بە دەستی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژرابوون، لە بەردەم پارێزگای کرماشان کۆ ببوونەوە.

هەواڵنێری کوردپا لەو باریەوەڕایگەیاند، چەند کاتژمێر پاش کۆبوونەوەکە ئەو ٥ چالاکە مەدەنییە لە شەقامی \"نوبهار\"ـی شاری کرماشان لە لایەن هێزەکانی حکوومەتییەوە دەستبەسەر کران.

هەتا ئێستا ئەو ٥ چالاکە مەدەنییە کوردە، لە گرتووخانە دان و ئازاد نەکراون.

هەروەها لە شاری سنە چەندین هاووڵاتی لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کران.

شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە بە ناوەکانی \" سۆهراب جەلالی، خالید حوسێنی و موزەفەر ساڵح نیا\" ڕاگەیەندراوە.

هەروەها پێشتریش لە شاری بانە ٧ هاووڵاتیی لەو پێوەندییەدا دەستبەسەر کرابوون.