ژمارەیەک لە مامۆستایان و ئەندامانی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە) چاویان بە بنەماڵەی "مەجید کەریمی" کەوت

12:34 - 14 جۆزەردان 2722

شەوی هەینی ١٣ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە چالاکانی سێنفی و مامۆستایانی شاری سەقز، بە ئامادەبوون لە ماڵی باوکی "مەجید کەریمی" کە لە ڕۆژی سێشەممە و پاش "مەسعوود فەرهیختە" دەسبەسەر کرابوو، وێڕای نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی تەندروستیی مەجیدی کەریمی و مامۆستایانی دەسبەسەرکراوی دیکە، خوازیاری ئازادکردنی بێمەرجی ئەوان بوون.

لەو دیدارەدا، هاوکارانی مەجید کەریمی پێداگرییان لەسەر بێتاوانیی ئەو و مامۆستایانی بەندکراو بە تایبەتی "ئەسکەندەر لوتفی، شەعبان محەممەدی، مەسعوود نیکخا، ڕەسووڵ باقی، مەسعوود فەرهیختە و ئەمیرزادەگان" کردەوە.

لەو دیدار و چاوپێکەوتنەدا، چوار کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی جۆزەردانەوە دەستیان داوەتە مانگرتن، ئامادە بوون.

چالاکانی سێنفی و مامۆستایانی سەقزی هەروەها پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئازادنەکردنی هاوکارەکانیان دەبێتە هۆی زۆرتربوونی ناڕەزایەتیی بزووتنەوەی مامۆستایان و بەردەوامیی دەسبەسەریی مامۆستایان بڕیارێکی ناعەقڵانییە.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردان، مەجید کەریمی، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سنە و کەڵاتەرزان، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایان لە سنە، بۆ بەدواداچوون لەمەڕ بارودۆخی "مەسعوود فەرهیختە" لە بەردەم بینای ئیتلاعاتی سپا کۆ بوونەوە و لەلایەن چەند کەس لە لیباس شەخسییەکان بە ماشینێک لە جۆری "پێژۆ" ڕفێندراوە.