ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی ڕەجایی‌شاری کەرەج خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی بوون

16:11 - 13 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە زیندانییانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا، ئێعدامیان بە جۆرێک لە\"قەتڵی دەوڵەتی\" ناوزەد کردووە.

لەو نامەیەدا هاتووە، ئێمە چەند کەسێک لە زیندانییانی سیاسیی گەوهەردەشتی شاری کەرەج ڕادەگەیەنین، ئێعدام لە هەر دۆخێکدا، جۆرێک لە قەتڵی دەوڵەتییە و وێڕای مەحکوومکردنی هەر جۆرە لە سزای ئێعدام بە هەر بیانوویەک و بە هەر شێوەیەک، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە نامرۆڤانەن.

حەوت زیندانیی سیاسی، داوایان لە تەواوی کۆمەڵگای مافی مرۆڤ کردووە، کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی لە هێچ هەوڵێک دەرێغی نەکەن.

دەقی تەواو ئەو نامە سەرئاوەڵایە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:

لە دەیەکان و سەدەکانی ڕابردوودا، حوکمی ئێعدامی سەرەکیترین جۆری سزا بووە، کە لە تەواو کۆمەڵگادا بەکار براوە و لە ئێستەدا زیاتر لە ١٠٠ وڵات بەتەواوەتی لەژێر ناوی \"متمم قانون اساسی\" بە شێوەی ڕەوا و بە مەرج لە کاتی ئاشتیدا، ئەو حوکمە نامرۆڤانەیان قەدەغە کردووە. بەداخەوە شایەتی ئەوەین کە لە وڵاتی ئێران نە تەنیا ئەو سزایە لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، کەم نەبووەتەوە، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە حاڵی پەرەسەندنە و وەکوو سزایەک بۆ زیندانییان لەبەرچاو گیراوە؛ بە جۆرێک کە پاش شۆڕشی مەشرووتە ژمارەیەک لە خەڵک بە هۆی چالاکیی سیاسی، چ لە ڕێژیمی پەهلەوی و چ لە ڕێژیمی ئێستەدا، بەم حوکمە نامرۆڤانە گیانیان لە دەست داوە. لە دوایین حاڵەت شایەتی حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد لە ناوەندە قەزاییەکانین و مەترسیی بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە لە ئارادایە.

لە کۆتایی ئەو نامە سەرئاوەڵایەدا، هەروەها هاتووە، ئێمە چەند کەسێک لە زیندانییانی سیاسیی گەوهەردەشتی شاری کەرەج ڕادەگەیەنین، ئێعدام لە هەر دۆخێکدا، جۆرێک لە قەتڵی دەوڵەتییە و وێڕای مەحکوومکردنی هەور جۆرە لە سزای ئێعدام بە هەر بیانوویەک و بە هەر شێوەیەک خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە نامرۆڤانەین.

سەعید ماسووری
زانیاری مورادی
سەعید شێرزاد
ئارش سادقی
پەیام شەکیبا
لوقمان مورادی
مەجید ئەسەدی