ژمارەیەک رێکخراوی جیهانیی مافی مرۆڤ: کەبوودوەند شایەنی خەڵاتی ئاشتی (نۆبڵ)ـە

14:17 - 29 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: پێنج رێکخراوی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی خۆیان لەچالاکییەکانی محەممەد سەدیق کەبوودوەند دەربڕیەوە و بەرپرس و دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانیان بە شایەنی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی \"نۆبڵ\" لەقەڵەم داوە.

لەبەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بووە هۆی جێگای ئێعتراز و ناڕەزایەتی حکوومەتی ئێران، چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ باوەڕێکیان بە مافی مرۆڤ نییە و رێزیشی بۆ دانانێن.

نوسخەیەک لەو بەیانییە بە زمانی فارسی بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە و لەلایەن ئەو ئاژانسەوە کراوە بە کوردی و دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

محەممەدسەدیق کەبوودوەند، شایەنی خەڵاتی ئاشتی \"نۆبڵ\"‌ـە

محەممەد سەدیق کەبوودوەند کە ئێستاکە تەمەنی ٥١ ساڵ و حەوتەمین ساڵی دەستبەسەرکرانی تێپەڕ دەکات، تاوانی دامەزراندنی رێکخراوی لەمافی مرۆڤی کوردستانە، رێکخراوێک کە بەرنامە و ئەساسنامەکەی هیچ دژایەتێکی لەگەڵ پێوانە و راگەیەندراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ‌دا نییە.

کەبوودوەند، رۆژنامەنووس و هەروەها سەرنووسەری حەفتەنامەی قەدەغەکراوی \"پیام مردم\"‌یش بوو، کە چاپەمەنییە سەربەخۆکان لەئێران بە تێکدەر ناسراون، هەر بۆیە قەدەغەکردنی \"پیام مردم\" و دەستبەسەرکردنی سەرنووسەرەکەی لە روانگەی دەزگای سانسۆر و خەفەقانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شتێکی سرۆشتییە.

ئەو رێکخراوەیە، کە لەلایەن کەبوودوەندەوە دامەزرا، بووە هۆی جێگای ئێعتراز و ناڕەزایەتی حکوومەتی ئێران، چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ باوەڕێکیان بە مافی مرۆڤ نییە و رێزیشی بۆ دانانێن و هەر لەو سۆنگەیەوە محەممەدسەدیق کەبوودوەند ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپا و هەنووکە بەشی زۆری ئەو حوکمەی تێپەڕ کردووە.

محەممەدسەدیق کەبوودوەند رۆژنامەنووسی کورد، لە رێکەوتی ١٨‌ی پووشپەڕی ١٣٨٥وە دەستبەسەر کراوە و لەو ماوەیەدا تووشی چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر بووە و چەند جاریش تووشی سەکتە هاتووە و هەنووکەش لەژێر چاوەدێری پزیشکی دایە و ژمارەیەک لە پسپۆڕانی پزشکی وتوویانە کە کەبوودوەند چیدیکە ناتوانێ‌بەو دۆخە نەخۆشەیەوە لە زینداندا بمێنێتەوە.

ئەو پشتیوانییانەی کە محەممەدسەدیق کەبوودوەند کراوە بەم چەشنەیە:

ـ وتەبێژی حیزبی چەپی سۆسیالیستی نوروێژ: کەبوودوەند بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی ٢٠١٤ کەسێکی یەکجار شیاوە

ـ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی ئاپۆیلی ٢٠١٢ خوازریاری ئازاد کردنی کەبوودوەند بوو

ـ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢دا و لەرۆژی جیهانی چاپەمەنیدا کەبوودوەندی وەکوو رۆژنامەنووسیکی دیار و بەرچاو ناساند

ـ لێژنەی دیاری کردن خەڵاتە چاپەمەنیەکانی بریتانیا لەساڵی ٢٠٠٩دا خەڵاتی ساڵانەی رۆژنامەنووسی بە کەبوودوەند بەخشی

ـ رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەساڵی ٢٠٠٨دا، خەڵاتی \"هلمن ـ هامنت\"‌ی پێشکەش بە کەبوودوەند کرد

ئێمە لەو باوەڕەداین کە محەممەد سدیق کەبوودوەند، لەپێناو جێگیر کردنی مافی مرۆڤ لەئێران و دەستەبەرکردنی ئازادی، تووشی چەندین نەخۆشی چارەسەرنەکراوی جەستەیی و رووحی بووە و داوا لە سەرجەم ئازادیخوازان و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆ و دەرەوە دەکەین، کە لە قۆناغی یەکەمدا بۆ ئازادی کەبوودوەند تێبکۆشن و هەروەها لەپێوەندیی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی \"نۆبڵ\" و پێشکەش کردن بە بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان هەوڵەکانیان وەگەڕ بخەن.

رێکخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی کوردستان

کەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسیی و مەدەنی

دامەزراوەی بەرگریی لەمافی ژنان ( سوید)

کوردوساید واچ ( چاک ـ کۆمیتەی رۆژهەڵاتی کوردستان)

کۆمیتەی کوردەکانی دانیشتووی ئەمریکا بۆ دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ لەئێران

چوارشەممە ٢٨‌ی رەشەممەی ٩٢ ـ ١٩ مارسی ٢٠١٤