ژمارەیەك هاووڵاتیی كورد مەترسیی حوكمی ئیعدامیان لەسەرە

19:23 - 22 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: چوار هاووڵاتیی كورد لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە مەترسیی ئەوەیان لەسەرە كە حوكمی ئیعدامیان بۆ دەر بكرێت.

\"چالاكانی مافی مرۆڤ و دێمۆكراسی لە ئێران\" بڵاویان كردەوە، حەبیب ئەفشاری، جەعفەر ئەفشاری، عەلی ئەفشاری و وەلی ئەفشاری كە هەر چوار كەسیان بران و ئێستا لە زیندانەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەرن، مەترسیی دەركردنی حوكمی ئیعدامیان لەسەرە.

حەبیب ئەفشاری و جەعفەر ئەفشاری رێكەوتی 18‎ی سەرماوەزی ساڵی 1389 لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر كراون و دوای راگرتنیان لە گرتنگەی سپای پاسداران لە مەهاباد بۆ زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ‌ گوێزراونەتەوە.

لە رێكەوتی 20ی سەرماوەزی 1389 برایەكی دیكەی ئەو دەستبەسەر كراوانە بە ناوی عەلی ئەفشاری تەمەن 31 ساڵ، لەلایەن هێزەكانی سپای پاسدارانی شاری بۆكانەوە دەستبەسەر دەكرێت و لە كاتی دەستبەسەر كردنیدا تەقە لە عەلی دەكەن و بە توندی بریندار دەبێت.

لەلایەكی دیكەوە وەلی ئەفشاری لە رێكەوتی 22‎ی سەرماوەزی ساڵی 1389 بۆ ئاگادار بوون لە بارودۆخی ئەو سێ‌ برا دەستبەسەر كراوەی سەردانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارن دەكات و ئەویش دەستبەسەر دەكرێت.

دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە بۆكان تاوانی حەبیب ئەفشاری هاوكاریی لەگەڵ حیزبێكی دژبەری حكوومەتی تاران راگەیاندووە.

تاوانی ئەو سێ‌ دەستبەسەر كراوەكەی دیكە \"محاربە و مفسد فی الارض\" راگەینراوە.