ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای كوردستان بانگهێشتی دادگا كران

16:42 - 20 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: ژمارەیەك لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای كوردستان لە شاری سنە بانگهێشتی دادگا كران.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، محەممەد سەدیق سادقی، پەیمان نەودینیان، پەرویز ناسێحی، عەلی قورەیشی، عیزەت نوسرەتی، كەماڵ فەكوورییان، رامین زەندنیا، بەهادین مەلەكی و مستەفا سەربازان ئەو چەند كەسەن كە بانگهێشتی داداگا كراون.

هەواڵنێری كوردپا لە درێژەدا رایگەیاند، ئەو مامۆستایانە دەبێ‌ رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 22‌ی پووشپەڕ لە لقی 5‌ی دادگای شاری سنە حازر بن.

ئەو هاووڵاتیانە پێشتریش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكان دەستبەسەر كرابوون و رەوانەی زیندانیی ناوەندی شاری سنە كران، بەڵام لە ئەنجامی زەخت و گوشاری چالاكانی مەدەنیی و مامۆستایان، ئەو هاووڵاتیانە پاش دوو رۆژ، بە دانانی وەسیقە ئازاد كران.

پەیمان نەودینیان مانگی رەشەممەی ساڵی 1385 لەلایەن دادگای شاری سنەوە حوكمی زیاتر لە دوو ساڵ دوور خرانەوەی بۆ ئاواییەكی زەنجان درا.

دەزگای قەزایی شاری سنە تاوانی ئەو مامۆستا كوردەی \" ئاخاوتن لە كۆڕێكی نایاسایی مامۆستایان لە پارێزگای كوردستان\" راگەیاندبوو.

هەر لەو پێوەندییەدا ئاغای نەودینیان بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای كوردستان بەشداری تاقیكردنەوەكانی كارناسی بالای ئەدەبیاتی ئینگلیزی كردبوو بەڵام لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە پێشی پێگیراو لە درێژە دان بە خوێندن بێبەری كرا.