ژمارەی کرێکارانی بێکاری شاری سنە ڕووی لە زیادبوون کردووە

11:00 - 3 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: شارەداریی شاری سنە، ژمارەیەک لە کرێکارانی ئەو شارەی دەرکرد و ژمارەی کرێکارانی بێکاری ئەو شارە زیادی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی خەزەڵوەر، ژمارەیەک لە کرێکارانی "فەزای سەوز"ی شاری سنە، لە لایەن شارەداریی ئەو شارەوە لەسەر کارەکەیان دەرکراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "کرێکارانی شارەداریی شاری سنە، ماوەی سێ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و بیمە بێبەرین".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە شارەداری بەهۆی نەبوونی پارە ئەو ژمارە لە کرێکارانی لەسەر کارەکەیان دەرکردووە.