ژمارەی نوێی گۆڤاری هایا لەشاری مەریوان چاپ و بڵاو کرایەوە

15:30 - 23 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: ژمارەی ٤ و ٥ی گۆڤاری هایا لەشاری مەریوان لە ٢٠٠ لاپەڕەدا چاپ کرا و کەوتە بەر دیدی خوێنەران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەی ٤ و ٥ی گۆڤاری هایا کۆمەڵێک وتار و شیعر و چیرۆک و لێکۆلینەوەی لەخۆ گرتووە و گۆڤارەکە لە دوو بەشی کوردی و فارسی پێکهاتووە.

\"17386.jpg\"
ئەنوەر رەوشەنی، سەرنووسەری گۆڤاری هایا
\"ئاوڕێک لە ناسنامەی زێڕینی مامۆستا شێخ حەمە مارف مەریوانی، شێعرێکی بڵاونەکراوەی تاهیر بەگی جاف، ئێمە و شوێنەوارەکانمان، رەخنە لە وتاری گۆرانی هەورامی و خوێندنەوەیەکی رووماڵیانە\"...، ناوی چەند بابەتێکن کە لەبەشی کوردیی گۆڤارەکەدا گونجێندراون.

بەپێی پێناسەی گۆڤارەکە \"هایا\" گۆڤارێکی سەربەخۆی فەرهەنگییە، کە بە میتۆدی فێرکاری ـ لێکۆڵینەویی\" دەر ئەچێت و ئازاد محەممەدی خاوەن ئمتیازی ئەو گۆڤارەیە و ئەرکی سەرنووسەرییەکەشی لەئەستۆی \"ئەنوەر رەوشەنی\"یە.

دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە رایانگەیاندووە کە فایلی ژمارەی داهاتووی گۆڤاری هایا بۆ ئەدەبی زارەکیی کوردی(ادبیات شفاهی کوردی) تەرخان دەکرێت.