ژمارەی مامۆستایانی دەسبەسەرکراو لە سەقز گەیشتە ١١ کەس

11:27 - 26 جۆزەردان 2722

لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سەقز و زیویە، دوو ئەندامی دیکەی ئەو ئەنجومەنە بە ناوەکانی "ئەنوەر فەرەجزادە و سەلاح حوسێنی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە هەژمارکردنی ئەو دوو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان، هەتا ئێستا ١١ ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستیانی کوردستان- سەقز و زیویە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، "لوقمان ئەڵڵامورادی، ئەحمەد قادری، کەیوان ئەحمەدی، خالید شێخی، خالید عەبدوڵڵاهی، محەممەد فەتاحی، سلیمان عەبدی، عەزیز مەرزی و سەلاح سوورخی"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سەقز و زیویە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای سەقز، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە هەڕەشەیان لە مامۆستایان کردووە کە لە بەشداریکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان بەڕێوە دەچێت، خۆیان ببوێرن.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، "ئومید شامحەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

شورای هاوئاهەنگی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران لە دژکردەوەیەکدا لەمەڕ دەسبەسەرکردن و بانگهێشتکردنی مامۆستایان بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان، ڕایگەیاند: "دەسبەسەرکردن و بانگهێشتکردن و هەڕەشە، خەلەلێک لە ئیرادەی ئێمە پێک ناهێنێت".

بەپێی بانگەوازی شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان، مامۆستایان بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە نەبوونی بەرنامەی هاوتاسازی، پلەبەندی، دەسبەسەریی نایاسایی چالاکانی سێنفی و سێناریۆسازییەکانی دەنگ و ڕەنگ"، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە پێش پارلمانی ئێران و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بەڕێوە دەبەن.

وێنەی لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئەنوەر فەر‌ەجزادە و سەلاح حوسێنی