ژمارەی دەسبەسەرکراوەکانی شنۆ گەیشتە ٧ کەس

17:55 - 22 پووشپەڕ 2722

لە درێژەی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە شاری شنۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "سیامەند کەرامەت (ئالانی) و "پیرۆت تابناک" خەڵکی گوندی "سینگان"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند: "سەرەڕای دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو دوو هاووڵاتییەی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە. سیامەند کەرامەت لە نەخۆشخانەی شنۆ دەسبەسەر کراوە".

سیامەند کەرامەت بەرپرسی ناوەندی بێهداشتی "نەڵۆسـ"ـی شاری شنۆیە.

هەتا ئێستا ٧ هاووڵاتیی کورد لە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، مامۆستا "مەلا محەممەد تەزادە" پێشنوێژی مزگەوتی گوندی "بێمزورتێـ"ـی شاری شنۆ، "عەبدولڕەحمان سادقی" دێهیاری ئەو گوندە و "فەرعان ئیبراهیمی"، ئەندامی شورای گوندەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: سیامەند کرامەت و پیرۆت تابناک