ژمارەی دەسبەسەرکراوەکانی بانە، گەیشتە حەوت کەس

17:59 - 7 بانەمەڕ 2722

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاری لە شاری بانە، ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، دوو چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی "ئەفشین ڕەشیدی" و "فاتێح مەجیدی"، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و هەوڵی دەسبەسەرکردنی ئەوانی دابوو.

هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە پشکنینی ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە کردبوو، هەروەها دەستیان بەسەر هێندێک کەرەستەی کەسیی ئەو دوو هاووڵاتییەدا گرتبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، پێنج چالاکی کورد بە ناوەکانی "حەسەن عێزەتی"، "نیشتمان ڕەحمەتی"، "سەعید محەممەدی"، "پەروین عەبدوڵڵاپوور" و "عومەر سلێمانی" خەڵکی شاری بانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بێجگە لە نیشتمان ڕەحمەتی ئەو چوار کەسەکەی دیکە، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری سنە کرابوون.