ڕەوشی خراپی ئابووری، بوو بە هۆی کارەباگرتوویی هاوڵاتییەکی هەرسینی

15:41 - 2 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری هەرسین، بە هۆی خراپیی ڕەوشی ئابووری لەو شارەدا بەتایبەتی و لە شاری کرماشاندا بەگشتی، لە کاتی دزیکردندا، تووشی کارەباگرتوویی بوو.

ڕۆژی چوارشەممە، ١ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد لە کاتی دزیکردن و قرتاندنی سیمی کارەبا لە شاری هەرسیندا، تووشی کارەباگرتوویی بوو و گیانی لەدەست دا.

فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی شاری هەرسین ڕایگەیاند: \"تیمی گەشتی پایگای \"چێشمە کەبوود\"ی شاری هەرسین، لە کاتی گەشتلێداندا، لە دەکەڵی کارەبا، لە تەنیشت جادە و لە بەرزایی ٣ میتریدا، تەرمی کەسێکیان دۆزییەوە، کە لە کاتی دزیکردندا تووشی کارەباگرتوویی بووە.\"

ئەو بەرپرسە نیزامییە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاند: \"لە کاتی پشکنینی ئەو کەسەدا، مەقەستێکی تایبەتی قرتاندنی سیمی کارەبای پێ بووە کە لە کاتی قرتاندنی سیمی کارەبا، تووشی کارەباگرتوویی بووە و گیانی لەدەست دابوو.\"

سەرەڕای ناشیرینی و قیزەونیی دیاردەی \"دزیکردن\"، بەڵام بە هۆی بێکاری و هەژاری کە دەرئەنجامی سیاسەتی ئابووریی هەڵەی دەوڵەتە، کۆمەڵێک دیاردەی دزێوی وەکوو دزیکردن و تاوانە قورسەکان و گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر و...، لە کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی پەرەیان سەندووە.