ڕەوتی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە کوردستاندا ڕووی لە زیادبوون کردووە

20:56 - 12 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سەید وەهاب عەلیزادە\"، کوڕی سەید ئیبراهیم خەڵکی گوندی \"بێژاوێـ\"ـی شاری شنۆ و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداری لە چارەنووسی ناوبراو، بێئاکام ماوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: \"ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کراوە.\"

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لەبەر دەستدا نییە.

سەید \"وەهاب عەلیزادە\"، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.