ڕەوتی خۆکوژییەکان لە ناوچە بوومەلەرزلێدراوەکاندا ڕووی لە هەڵکشانە

14:33 - 13 گەلاوێژ 2718
ئاژانس کوردپا: لە درێژەی خۆکوژیی هاووڵاتییانی بوومەلەرزلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان، سێ هاووڵاتیی کورد دەستیان دایە خۆکوژی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هه‌ینی ١٢ی گەلاوێژ، ئێران و فەرید خدری دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەرپێڵی‌زەهاو، بە هۆی گوشارە دەروونییەکان هەوڵی خۆکوژییان داوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە خوشک و برا بوون و بە \"ژار و حەب\" ویستوویانە خۆیان بکوژن، کە بەداخەوە یەکەمیان سەرکەوتوو بووە و دووهەمیان ڕزگاری بووە.

هەروەها هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٠ ساڵەی خەڵکی گوندی \"ئەلیاس\" بە ناوی \"بەرزان ئەلیاسی\" دەستی دایە خۆکوژی و گیانی لەدەست دا.

لە پاش بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان، گوشارێکی دەروونیی کەموێنە باڵی بەسەر بوومەلەرزەلێدراوانی ناوچەکەدا کێشاوە، کە یەکەم دەرهاویشتەکانی بریتییە لە خۆکوژی هاووڵاتییان و ئەمەش نیگەرانیی زۆری لای خەڵک و چالاکانی مەدەنیی ئەم ناچانە دروست کردووە، بەڵام بەرپرسانی حکوومەتی کەمترین ئاوڕ لەم دۆخە نادەنەوە.

ئەمە پێنجەمین حاڵەتی لەم چەشنەیە، کە لە یەک مانگی ڕابردووەوە دێتە ئاراوە، بەڵام بەرپرسانی حکوومەتی تەنیا حاشا لەو ڕووداوانە دەکەن.