ڕەهەندەکانی ڕووداوی داڵاهۆ هێشتا ناڕوونە

20:43 - 21 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لێدوانی بەرپرسان و لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە ڕووداوەکەی ناوچەی \"ڕێژاو\"ـی کرماشان پێکناکۆکە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەڕێوەبەری گشتیی تەناهیی پارێزگای کرماشان سەبارەت بە تەقەکردن لە کاروانی بەرپرسانی حکوومەتی لە شارستانی داڵاهۆ، ڕایگەیاندووە کە ناسنامە و هۆکارە پاڵنەرەکانی بکەرانی ئەو کردەوەیە هێشتا دیار نیە.

بە وتەی ئەم لێپرسراوە، لێژنەیەک بە سەرپەرەستیی عەلائەدین برووجێردی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی میللی مەجلیسی ئیسلامی پێکهاتووە.

هەڵوێستی بارام فەزڵیزادە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانی چەندین کەسایەتی حەقیقی و حقووقی لە ئێران کە ڕاستەوخۆ هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی بە تاوانباری سەرەکیی ڕووداوەکە دەناسێنن.

لەم پێوەندییەدا نوێنەرێکی مەجلیس لە شاری کرماشان بە هەواڵدەریی \"تسنیم\" کە نزیکە لە سپای پاسدارانی وتووە: شیمانە دەکرێت کە ئەو کردەوەیە لەلایەن گرووپی پژاکەوە ئەنجام درابێت.

ئەحمەد سەفەری لە درێژەدا وێڕای بە \"تیرۆریستی\" لەقەڵەم دانی ئەو ڕووداوە، بانگەشەی ئەوەش دەکات کە \"وێنە\"ـی بکەرانی بەدەستەوەیە.

هەروەها ماڵپەڕی \"تابناک\" کە گرێدراوی موحسین ڕەزایی لە فەرماندەرە پلەبەرزەکانی سپای پاسدارانە، لە ڕاپۆرتێکدا بە هێنانی قسەی پێکناکۆکی بەرپرسانی دەوڵەتی، پێوەندی پژاک بەو ڕووداوەی بردووەتە ژێر پرسیار.

لە سەرەتای ڕووداوەکەوە لە پاشنیوەڕۆی دووشەممە، بیستەمی پووشپەڕ، وردەکاری و تەنانەت ناوی کوژراو و بریندارانی تەقەکردنەکە لە لایەن شاهیدانی ئەو ڕووداوەوە بە لێکدانەوەی جۆراوجۆر باسی لێوە کراوە.

هەرچەشنە ناڕەزایەتی و پێکدادانی خەڵک لەگەڵ کەسانی حکوومەتی لە کوردستانی ئێران، خێرا لە لایەن کەسانی ئەمنییەتییەوە بە \"خارج\" و \"بیگانە\" گرێ و پێوەند دەدرێت.

تەقە کردن لە کاروانی لێپرسراوانی حکوومەتی لە ناوچەی داڵاهۆ، کوژرانی بەرپرسی نووسینگەی فەرمانداری داڵاهۆ و یەکێک لە کارناسانی پلەبەرزی دامپزیشکیی پارێزگای کرماشان و هەروەها بریندار بوونی سێی دیکەی لێ کەوتەوە.