ڕەشید ناسرزادە بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی شنۆ ئازاد کرا

10:50 - 16 رەشەمه 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەشەمە، ڕەشید ناسرزادە، چالاکی ژینگەیی خەڵکی شنۆ، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی شنۆ ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەر، ئەو چالاکە ژینگەییە، بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ، ئەو چالاکە کوردە، پاش خۆناساندنی بە بەشی ئیجرای ئەحکامی دادگای شنۆ، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی شنۆ، ئەو چالاکە ژینگەییەی بە ٦ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو کە ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ١٨ مانگ زیندان کەم کرابووەوە.

دادگا ئەو چالاکە ژینگەییەی بە "کۆبوونەوە و تەبانی بەنیسبەت ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی نەتەوەیی و چالاکیی پڕۆپاگەندەیی لە ڕاستای بەرژەوەندیی گرووپە دژبەرەکانی نیزام" تۆمەتبار کردبوو.

دادگا بە پشتبەستن بە مادەکانی ٥٠٠ و ٦١٠ لە بەشی یاسای تەعزیرات و پێشگرتن لە تاوانەکانی یاسای سزای ئیسلامی، ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بەنیسبەت ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی ئێران" بە ٥ ساڵ  زیندانیی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

داسەپاندنی ئەو حوکمە بەسەر ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ و مەئموورانی دادوەریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ بووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی نیزام" بە پشتبەستن بە ئەسڵی ٣٧ی یاسای بنەڕەتی و مادەی ٤ی ئایینی دادڕەسیی کەیفەری بێتاوان ناسرابوو.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە جادەی پیرانشار ـ شنۆ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، پاش ٤٤ ڕۆژ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.