ڕەشبگیریی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستاندا بەردەامە

11:51 - 30 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان، هێزە نیزامی و ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران، بە شێوەی بەربڵاو لە شارەکانی کوردستاندا، دەستیان بە ڕەشبگیریی هاووڵاتییانی کورد کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە شاری تازاوای سەلاسی باوەجانی، ٢٢ هاووڵاتیی خەڵکی ناڕازیی ئەو شارە لەلایەن هێزە نیزامی و سپاییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تازاوای سەلاسی باوەجانی، هێزە نیزامی و سپاییەکان لەو شارەدا دەستیان بە ڕەشبگیریی هاووڵاتییان کردووە و لەو پەیوەندییەدا، ٢٢ هاووڵاتی دەسبەسەر کراون".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پاش دەسبەسەرکردنی ئەو ٢٢ هاووڵاتییە، کەشێکی ئەمنییەتی باڵی بەسەر ئەو شارەدا کێشاوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.

هەتا ئێستا شوناسی ئەو ٢٢ هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە، بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەز، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کوژران و بریندار بوونە و لەو پەیوەندییەدا، ٦ هاووڵاتی بە ناوەکانی: "کاوە محەممەدی، موبین عەبدوڵڵاهی، یوونس هوشەنگی، جەبار توجارە کوڕی عەبدولڕەحمان، حەمزە نەقدی کوڕی عەزیز و ئیبراهیم مورادی"، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان، گیانییان لەدەست داوە.