ڕەشبگیری گوندی \"نێ\"ی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بەردەوامە

14:02 - 5 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی گوندی \"نێ\"ی شاری مەریوان، دوو لاوی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوە، دوو لاوی خەڵکی گوندی\"نێ\"ی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو دوو لاوە کوردەی بە ناوەکانی\"هاوڕێ پەروازە\"تەمەن ١٥ ساڵ کوڕی عەبدوڵا و \"محەممەد ئەرژەنگی\" کوڕی ئەمین ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە لیباس شەخسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر دوکانی باوکی هاوڕێ پەروازە و ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە؛ هەروەها ئێوارەی هەمان ڕۆژ، محەممەد ئەرژەنگیش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەتا ئێستا لە چارەنووسی ئەو دوو لاوە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

پێشتریش، هێزە حکوومەتییەکان لە کاتی بەڕێوەبردنی جێژنی نەوروزدا هێرشیان کردبووە سەر گوندی نێ و ٧ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو گوندەیان دەستبەسەر کردبوو.