ڕەزا ڕەزازادە ڕەخنەی لە دزی گرت و سزا درا

15:24 - 7 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی شۆرای پێشووی ناوچەی ئازادی ماکۆ لەلایەن دادگای حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە زیندان و لێدانی قامچی مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەیەک پێش ئێستا دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا سزای ٤ ساڵ زیندانی تەعزیریی ڕەزا ڕەزازادە، بەرپرسی پێشووی شۆڕای شاری ناوچەی ئازادی ماکۆی پەسند کردووە.

هەروەها سزای لێدانی ٧٤ قامچی لەو ئەندازیارەی خەڵکی ماکۆ جێبەجێ کراوە.

ناوبراو لە دادگای سەرەتاییدا لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەری هەنووکەیی ناوچەی ئازادی ماکۆ، تۆمەتی \"سووکایەتی کردن و بڵاوکردنەوەی درۆ\"ی وەپاڵ درابوو.

سەرچاوەکانی کوردپا لەبارەی دەرچوونی ئەو سزایە بۆ ناوبراو ڕایانگەیاند کە؛ بەرپرسی پێشووی شۆڕای شاری ناوچەی ئازادی ماکۆ، سەبارەت بە داگیرکاریی زەوی، ساتوسەودا لەگەڵ لابییەکانی دەسەڵات و کەڵکی خەراپ وەرگرتن لە ڕاکێشانی سەرمایە، ڕەخنە و گلەیی هەبوو.

\"\"
ڕەزا ڕەزازادە
ئەندازیار ڕەزازادە هەریەکە لە ئەکبەر تورکان دەبیری شۆرای بەرزی ناوچە ئازادەکان، قوربانعەلی سەعادەت پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و حسەین فرووزان بەڕێوەبەری ئێستەی ڕێکخراوی ناوچەی ئازادی ماکۆی بە دەست‌تێداهەبوون لە گەندەڵی و دزیی میلیاردی تۆمەتبار کردبوو.

دەوترێت کە بەڕێوەبەری ئێستەی ڕێکخراوی ناوچەی ئازادی ماکۆ سکالای لەسەر ٧ ڕەخنەگری دیکەی ئەو ناوچەیە تۆمار کردووە و دۆسییەیان بۆ کراوەتەوە.

ئەم ناوچەیە بە ڕووبەری ٥ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە و لێخۆشبوونی ماڵیی ٢٠ ساڵە و نەبوونی باج لەسەر زۆرێک کەلوپەلەکان، بە یەکێ لە ناوچە پڕداهاتەکانی ئێران هەژمار دەکرێت.

گەلاوێژی ئەوساڵ زیاتر لە ١٠ نوێنەری مەجلیس خوازیاری لێکۆڵینەوە لە دۆخی ناوچە ئازادەکان بوون و ڕایانگەیاند کە؛ ئەم جۆرە ناوچانە بوونەتە \"هێشخانی هەندێ لە بەڕێوەبەران\"