ڕەزا عەلامە زادە دەرهێنەری دێکۆمێنتاری \"جەنایەتی پیرۆز\": بڵاوکردنەوەی جینایەتی پیرۆز پارێزراوی گیانی بۆ من دروست کردووە

21:17 - 28 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا:فیلمی دێکۆمێنتاری \"جینایەتی پیرۆز\" لە دەرهێنانی ڕەزا عەلامە زادە، باس لە تێرۆری کەسایەتییە سیاسییەکان، ڕەخنەگران و ڕۆشنبیران لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە وڵاتانی ئۆرووپا دەکات.

لە ڕەوتی دادگای میکۆنووس،\"جینایەتی پیرۆز\" بە زمانی فارسی، ئینگلیسی و هولەندی لە بەرنامەی تەلەفزیونی، فێستیڤاڵە سینماییەکان و لە دادگاکان بۆ ڕوونتر کردنەوەی هێندێک بوار لە دۆسییەکان پیشان دەدرێت.

ئەو دێکۆمێنتارە سەرەڕای دانی ڕاپۆرت، بەڵگەنامە، وتووێژ لەگەڵ نزیکانی قوربانیان و کەسانێکی دیکە کە لەو ڕووداوە زیندووماون، لە خۆدەگرێت.

لە دروست کردنی ئەو دێکۆمێنتاری\"جینایەتی پیرۆز\" ڕێكخراوی لێبوردنی، کۆمیتەی ئێرانی بەربەرەکانی لەگەڵ تێرۆریزم، پاریس و برلین، دادگای جینای برلین، ڕێکخراوی پشتیوانی لە پەناخوازەکان لە وڵاتی هولەند لەگەڵ دەرهێنەری ئەو دێکۆمێنتارە هاوکاریان کردووە.

لە دروست کردنی ئەو دیکۆمێنتارییەدا، لە ئارشیڤی تەلەفەزیونەکانی وڵاتانی هولەند، فەرانسە، ئیتالیا، ئاڵمان، بریتانیا و سویس کەڵک وەرگیراوە.

ڕەزا عەلامە زادە، دێکۆمێنتارساز و دەرهێنەری دێکۆمێنتاری\"جینایەتی پیرۆز\" لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەبارەت بە پاڵنەری دروست کردنی ئەو دێکۆمێنارییە دەڵێت: \"ئەگەر ئێوە بەدواچوونی کارەکانی ئەو سەردەمە بکەن، من وەکوو دیکۆمێنتارسازێک لە هەمبەر ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کە ڕوو دەدەن هەستیارم و نیسبەت بەو ڕووداوانە دەژکردەوەم نیشان داوە، هۆکاری پێشنیاری دروست کردنی ئەو دێکۆمێنارییەم بە تەلەفزیونی هولەند دابوو کە لە ناو لیستێک لە ماڵی یەکێک لە تێرۆریستەکان لە پەیوەندیی لەگەڵ تێرۆری میکۆنووس دۆزییەوە و وەکوو \"لیستی مەرگ\" ناسێندرا و کاتێک پولیس ئەو بەڵگانەی بڵاوکردەوە، ناوی من لەو لیستەدا بوو و ئەمەش بوو بە پاڵنەر بۆ من کە هەتا ئەو دێکۆمێنتارە دروست بکەم.

دێکۆمێنتاری\"جینایەتی پیرۆز\" لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینی دروست کراوە و ڕەزا عەلامە زادە ئامانجی لە دروست کردنی ئەو فیلمە\" ئاشکرا کردنی نەخشەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ئەو جینایەتانەی کە ئەنجامی داوە\" ڕادەگەیەنێت.

ناوبراوە هۆی هەڵبژاردنی ناوی\"جینایەتی پیرۆز\" بۆ ئەو دێکۆمێنتارە، بۆ ئاژانسی کوردپای بەم شێوەیە باس کرد: \"هەوڵەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی لە لایەک جینایەت و لە لایەکی دیکە بۆ ئەوان ئەمە کارێکی پیرۆزە و ئەو کارە بە ئەرکێکی ئیسلامیی خۆیان دەزانن و بەو هۆکارەوە ئەو ناوەم بۆ ئەو دێکۆمێنتارییە هەڵبژارد.

ڕەزا عەلامە زادە لێکۆڵینەوە لەو بارەی ئەو پرسە و پەیدا کردنی بەڵگە بە شێوەی وێنەیی لە کێشە سەرەکییەکانی دروست کردنی ئەو دێکۆمێنتارییە دەزانێ و دەڵێت: من لەگەڵ تەلەفزیونی ئەو وڵاتانە کە ڕووداوەکان تێدا ڕووی دابوو، بە تایبەت وڵاتانی ئیتالیا، فەڕانسە، ئینگلستان پەیوەندییم گرت لە ئارشیڤەکانی ئەوان کەڵکم وەرگرت و بەدواچوونی ئارشیڤەکانی ئەوانم کرد و یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوە بوو کە دۆزینەوەی کەرەستەی پێویست بۆ دروست کردنی ئەو دێکۆمێنتارە، کارێکی نهێنی و زۆر زەحمەت بوو، بەڵام بە خۆشییەوە توانیم دەستم بەو ئارشیڤانە بگات.

ڕەزا عەلامە زادە باس لە هەڕەشەکان سەبارەت بە دروست کردنی ئەو دێکۆمێنتارە دەکات و دەڵێت: کاتێک ئەو فیلمە دیکۆمێنتاریەم دروست کرد، پێش ئەوە بڵاو بکرێتەوە لەلایەن باڵوێزخانەی ئێران لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو دێکۆمێنتانە، پەیوەندییان لەگەڵ تەلەفزیونی هولەند گرتبوو و لە هەموو ڕێگایەکەوە هەوڵیان دابوو ئەو فیلمە دێکۆمێنتارییە بڵاو نەکرێتەوە، یەکەم ویستبوویان فیلمەکە بکڕن، بەڵام تەلەفزیونی هولەند ئەو داواکارییە ڕەت کردبووە و کەسێک شوناسی نادیار بوو، لەگەڵ بەشی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکانی تەلەفزیونی هولەند پەیوەندی گرتبوو و ڕاگەیاندبوو، لە ئەگەری بڵاوکردنەوەی ئەو بەڵگانە من دەکوژێت وداوای کردبوو ئەو کارە نەکەن، بەڵام من لە کۆبوونەوەیەکدا گوتم: ئەگەر بە ڕاستی دەتانەوەێ من گیانم بکەوێتە مەترسییەوە بڵاوی مەکەنەوە و ئەگەر بڵاو بکرێتەوە من ئەمنییەتی زۆرترم هەیە و بڵاوکردنەوەیی ئەو فیلمە گیانی من دەپارێزێت.

دەرهێنەری دیکۆمێنتاری\"جینایەتی پیرۆز\" لە پەیوندیی لەگەڵ ئەو دێکۆمێنتارییە، لە سەر بیروڕای گشتی ئورووپا ڕایگەیاند: من وا دەزانم، ئەو فیلمە دێکۆمێنتارییە نەک تەنیا لە ئورووپا بەڵکوو لە سەر بیروڕای گشتی جیهان کاریگەری هەبوو و ئەو دێکۆمێنتارییە لە تەواوی بەرهەمەکانم کە دروستم کردووە، لایەنگری زیاتری هەبووە، ئەو فیلمە لە دادگاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پیشان دراوە، زۆربەی پارێزەرەکان بە تایبەتی لە ئامریکا بۆ سەلماندنی ئەو پرسە کە بریگرتەکانی ئەوان لە مەترسی دان و ئەو فیلمە دێکۆمێنتارییەیان هێناوە و لە دادگاکان پیشانیان داوە و لە هێندێک لە دادگاکان ئامادە بووم و کاریگەری لە سەر ئاشکرا کردنی بەشی پشت درگا داخراوەکانی ڕێژیم بۆ تێرۆریزم هەبوو، ئاشکرا کردووە.

ناوبراو لە وڵامی ئەو پرسیارەدا، کە ئایا حوکمی دادگای میکۆنووس ڕێگا بە دڕیژەی سیاسەتی تێرۆری دەوڵەتیی حکوومەتی ئێران لە وڵاتانی ئورووپا بەستووە، گوتی: بە بڕوای من بەڵێ حوکمی دادگای میکۆنووس ڕیگای لە دڕیژەی سیاسەتی تێرۆری حکوومەتی ئێران لە ئورووپا گرت، بە کردوە بەو شێوەیە نەمبینییەوە، من لە کۆتاییەکانی ئەو فیلمە دەڵێم کە ئەگەر دادگای میکۆنووس و دادگاکانی دیکە کە لە پرۆسەکەدا بوون، ئەگەر ئەوان بە ڕاشکاوی ڕابگەیەنن کە کۆماری ئیسلامیی چ ڕۆڵێکی لەو تێرۆرانەدا هەبووە، ئەو ڕیگایە، ڕێگای بە جینایەتی پیرۆز دەبەستێ و بە خۆشیەوە دادگای میکۆنووس ئەو کارەی لە پەیوەندیی لەگەڵ تێرۆری ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد ئەنجام دا.