ڕەخنەی مامۆستایەکی زانکۆ سەبارەت بە مەرگی کۆڵبەران

14:34 - 11 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی زانستە پەیوەندییەکان ڕایگەیاندووە کە؛ \"بەداخەوە هەڵوێستی ڕۆژنامەنووسان لە پارێزگای ورمێ سەبارەت بە دیمەنی خەمهێنەری مەرگی کۆڵبەران بەرچاو تەنگانە بووە\".

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، \"دوکتور شەفیع بەهرامیان\"، ،مامۆستای زانستە پەیوەندییەکان، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٠ ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری ماڵپەڕی حکومەتیی\"کوردپرێس\"، ڕایگەیاندووە کە؛ \" بە داخەوە زۆربەی هەرەزۆری ماڵپەڕەکانی سەر بە پارێزگای ورمێ، سەبارەت بە مەرگی خەمهێنەری کۆڵبەران لە سەردەشت، هەڵوێستێکی خەمساردانەیان بووە، و وەکوو ماڵپەڕ بەم کارەساتە بایەخیان نەداوە\".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە؛ \"بەداخەوە بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی ماڵپەرەکان و ڕۆژنامەوانان لە پارێزگای ورمێ لە سەر بنەمای \" هەر کەس لە ئێمە نەبێت بۆ ئێمەش بایەخی نییە\" دامەزراوە و هەڵوێستێکی بەرچاوتەنگانەی \"قەومی\" سەبارەت بەم کارەساتە هاتووەتە ئاراوە و سەبارەت بەم بابەتە ئەرکی ئینسانی و ئەخلاقی خۆیان وەلا ناوە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە\".

ئەم مامۆستایەی زانکۆ هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە؛ \"بەداخەوە بە هۆی بوونی دوو \"قەوم\" لە پارێزگای ورمێ، هەڵوێستی بەرچاوتەنگانەی ماڵپەرەکان و ڕۆژنامەوانان سەبارەت بەم بابەتە، بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی هەردوو \"قەوم\" لە کاتی تەنگانە و خەفەت و دەردەکانیاندا هاوسۆزی یەکتر نەبن\".

هەروەها لە درێژەدا گوتی؛ \" ئەو کەسانەی کە بە ناوی کۆڵبەر لە زێر ڕنوو و هەرەسدا گیانیان لەدەست داوە سەدی ٤٥یان بە هۆی نەبوونی کار و هەژاریی ئابووری، بە هەموو مترسییەکانیەوە ڕوویان کردووەتە کۆڵبەری، تاکوو بتوانن نانێک لەسەر خوانی بنەماڵەکانیان دابنێن و لەم نێوانەشدا ماڵپەرەکان ئەرکی ئینسانی خۆیان لە بیر کردووە و بەداخەوە وەک ڕووداوێکی ئاسایی چاوی لێ دەکەن\".

ئەمە یەکەمین ڕووداو سەبارەت بە بارودۆخی دڵتەزێنی ژیانی کۆڵبەران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نییە، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٦دا، ١٠١ کۆڵبەر بە هۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی سەر بە حکوومەت، گیانیان لەدەست داوە و ئێستاش سەخڵەتیی سرووشت بووەتە مەئمووری گرتنی گیانی کۆڵبەرانی هەژار لە سەر سنوورە سپی پۆشەکانی کوردستان\".