ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی کتێبێکی ئەدەبیی لە مەریواندا

16:44 - 14 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ ئـەدەبیی مەریوان، بە مەبەستی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی کتێبە شێعری پارانۆیا، ئێوارە کۆڕێک بۆ شاعیر و نووسەر \"حەمەی کەریمی\" بەڕێوە دەبات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ۱۷ی گەلاوێژ، ئێوارە کۆڕێک لە شاری مەریوان بۆ شاعیر و نووسەر حەمەی کەریمی، بەڕێوە دەچێت.

بڕیارە لەم کۆڕەدا ڕەخنەگرانی ئەدەبی \"وەفا ڕەحیمی و کاوان محەمەدپوور\" ئەم دەقە ئەدەبییە تاوتوێ بکەن.

پەردەلادان و ناساندنی کتێبی پارانۆیا لە ڕێوڕەسمێکی ئەدەبی و بە بەشداریی کۆمەڵێک لە ئەدیبان و قەڵەمبەدەستانی ڕۆژهەڵات، مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە کافە وشەی شاری سنە بەڕێوە چووبوو.

حەمەی کەریمی شاعیری مەریوانی یەکێک لە چالاکانی ئەدەبیی ئەم شارەیه و ڕوخسارێکی دیاری له شێعری جیاواز و ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕۆژهەڵاتدا هەیە.

کتێبی پارانۆیای ئەم شاعیرە لە لایەن چاپەمەنیی \"گوتار\"ەوە لە ۵۳ لاپەڕەدا چاپ کرا و کۆتایی بەهاری ئەمساڵ هاتە نێو کتێبخانەی کوردییەوە.

جگە لەم بەرهەمە، دەفتەرە شیعرێکی دیکەی بە ناوی \"ئاوابوونی ژیان\" لە ساڵی ۲۰۱۳دا چاپ و بڵاوکردووەتەوە.

هەروەها دوو کتێبیشی لە فارسییەوە وەرگێڕاوە کە بریتین له:

ــ شاری ڕووناکی زەڕدەشت لە ڕاپۆرتی گاتاکانەوە، نووسینی حوسێن وەلیدی، بڵاوکراوەی دەزگای ڕۆشنبیریی جەماڵ عیرفان، سلێمانی ۲۰۱۳

ــ هەڵوێستی ڕۆژاوا لە بەرانبەر زەڕدەشتدا، نووسینی جی دوشن گیمن، دەزگای ڕۆشنبیری جەماڵ عیرفان، سلێمانی ٢٠١٤