ڕەحیم ڕەفعەتی و ڕەحمان تابش بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران

10:11 - 19 رەشەمه 2720

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەشەمە، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەحیم ڕەفعەتی"، کوڕی محەممەد و "ڕەحمان تابش"، کوڕی موراد، خەڵکی شاری شنۆ، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران.

مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ، حوکمی ئەو دوو هاووڵاتییە لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ پشتڕاست کرایەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شنۆ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و تەبانی دژی نیزام"، ٣ ساڵ و ٧ مانگ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، ٨ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپابوو.

بەپێی یاسای کۆکردنەوە، جێبەجێکردنی حوکمی توندترین سزا بۆ ئەو دوو هاووڵاتییە لە ئارادایە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕ، بەبێ بەڵگەی یاسایی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون.

ناوبراوان مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، پاش کۆتایی لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوون.

وێنە: ڕەحیم ڕەفعەتی و ڕەحمان تابش