ڕەحمەت ئابجامە بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرا

12:14 - 11 خەرمانان 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕەحمەت ئابجامە" خەڵکی مەهاباد، بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ئەو شارە، ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەهاباد، ئازاد کراوە.

ڕۆژی سیشەممە ٢٨ی پووشپەڕ، ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕ، ناوبراو بە بێ بەڵگەی یاسایی لە گۆڕەپانی "ئیستقلالـ"ـی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

 هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، ڕژاونەتە ماڵەکەی و هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبرایان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

ڕەحمەت ئابجامە خێزاندار و خاوەنی منداڵێکە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.