ڕەتکردنەوەی داخوازیی هاوسەرگیری، بووە هۆی کوشتنی دوو ژنی کرماشانی

17:26 - 17 خەزەڵوەر 2721

لە ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، دوو ژنی لاوی کرماشانی، بەهۆی ڕەتکردنەوەی داخوازیی هاوسەرگیریی خوازبێنەکانیان، کوژران.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر، لە دەوروبەری شارەکی "ئاناهیتا"ی کرماشان، ژنێکی لاوی کرماشانی بە ناوی "ئارەزوو ئۆلفەتی" بە تەقەی خوازبێنەکەی کوژرا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر، لە ڕێگای ئەسەدئابادی هەمەدان، ژنێکی لاوی تەمەن ٢٧ ساڵ، بە ناوی "نیگار ئەحمەدی" خەڵکی کرماشان و دانیشتووی ساری، بە تەقەی خوازبێنەکەی کوژرا.

کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ سەرچاوەکانی خۆی لە کرماشان، کوژرانی ئەو دوو ژنە پشتڕاست دەکاتەوە.

وردەکاریی زیاتر لەسەر کوشتنی "ئارەزوو ئۆلفەتی":

"ئارەزوو ئۆلفەتی" خەڵکی کرماشان و دانیشتووی ئەم شارە بوو. ناوبراو ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر لە دەوروبەری شارەکی ئاناهیتای کرماشان بەهۆی ڕەتکردنەوەی داخوازیی هاوسەرگیریی خوازبێنەکانی، لەلایەن خوازبێن و ئامۆزاکەیەوە تەقەی لێ کرا و کوژرا.

بکوژەکە (س.ک) لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا ئەو ژنە لاوە دێنێتە سەر شەقام و سەرەتا بە ڕووداوێکی هاتوچۆی ساختەوە لە ماشینەکەی دادەبەزێت و دواتر تەقە لە "ئارەزوو" دەکات و دەیکوژێت.

تا ئێستا بکوژەکە دەسبەسەر نەکراوە و هەڵاتووە.

"ئارەزوو" سەڵت بوو و لەگەڵ بنەماڵەکەی لە کرماشان ژیانی دەکرد. هەروەها ڕەتکردنەوەی داخوازیی هاوسەرگیرییەکە، لەلایەن خۆیەوە بووە.

وردەکاریی زیاتر لەسەر کوشتنی "نیگار ئەحمەدی":

"نیگار ئەحمەدی" تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی کرماشان و دانیشتووی ساری کە خوێندکاری کارناسیی باڵا بووە، دوای چەندجار ڕەتکردنەوەی داخوازیی هاوسەرگیریی خوازبێنەکەی، تەقەی لێ کرا و کوژرا.

ناوی بکوژەکە "سامان یاریـ"ـیە و لە هاوپۆلەکانی پێشووی سەردەمی زانکۆی "نیگار" بووە و لە تورکەکانی ورمێیە.

"سامان" لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا، بە هاوکاریی دوو کەس لە هاوڕێیانی "نیگار"ی ڕفاندووە و دواتر لە ڕێگای ئەسەدئابادی هەمەدان تەقەی لێ کردووە و کوشتوویەتی و پاشان خۆی بە پۆلیس ناساندووە.

بنەماڵەی "ئەحمەدی" لەلایەن پۆلیسەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە کچەکەیان کوژراوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ کوشتنی "نیگار" هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە دەسدرێژی کراوەتە سەر ناوبراو و دواتر خنکێندراوە، بەڵام کوردپا ئەم بابەتە پشتڕاست ناکاتەوە.

سەرچاوەکانی کوردپا باسیان لەوە کردووە کە ڕەتکردنەوەی داخوازیی هاوسەرگیرییەکە، لەلایەن خودی نیگارەوە بووە نەک بنەماڵەکەی.

"نیگار" سەڵت بوو و لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ساری ژیانی دەکرد.

ئامادەکار: ئەوین مستەفازادە

وێنە: نیگار ئەحمەدی