ڕێگری لە چارەسەری پزیشکیی زەینەب جەلالیان لە دەرەوەی زیندان دەکرێ

21:15 - 17 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسی کورد، کە لە زیندانی شاری خۆی ڕاگیراوە، تووشی نەخۆشیی بۆقژە (برفک دهان) بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زەینەب جەلالیان لەکاتێکدا هەشتەمین ساڵی زیندانی خۆی لە زیندانی خۆی تێپەڕ دەکات ، کە تووشی نەخۆشیی وەرزی بووە و سەرەڕای داوای بەردەوامی ناوبراو بۆ چارەسەری پزیشکی لەدەرەوەی زیندان، بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی وڵامی رەد بەو داوایەی زەینەب دەدەنەوە و رێگری لە چارەسەری پزیشكی لەدەروەی زیندان بۆ ناوبراو دەکەن.

هەروەها، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، چاوی تووشی نەخۆشینی \"تانە\" (ناخنک) بووە و ڕێگری لە چاوپێکەوتنی بەردەوامی حەفتانەی لەگەڵ بنەماڵەکەی لێ دەکرێت.

ماڵپەڕی \"هرانا\" لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ئەو گوشارانە لە زیندان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکان و بەرپرسانی زیندانەوە دەخرێتە سەر زەینەب جەلالیان.

زەینەب جەلالیان سەرەڕای ئەوەیکە چەندین جار داوای لە بەرپرسانی زیندانی \"دیزڵ‏ئاباد\" کردبوو کە بگوازرێتەوە بۆ زیندانی شاری ماکۆ، بەڵام بە بڕیاری دەزگای قەزایی لە زیندانی کرماشانەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی شاری \"خۆی\".

زەینەب جەلالیان، ساڵی ١٣٨٦ لە کرماشان دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەو چالاکە سیاسییە، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی \"محاربە\"، حوکمی لەسێدارەدرانی بۆ بڕایەوە و دواتر ئەو حوکمە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.