ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار: کوشتنی ئەسپی کاسبکاران، جینایەتی دژ بە گیانلەبەرانە

20:43 - 14 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار، بە هۆی کوشتنی ئەسپی کاسبکاران، ڕەخنەیان لە نیزامییانی حکوومەت گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار ڕایانگەیاند کە چەندین سەر ئەسپی کاسبکاران لە کوێستانی \"مێرگە چەکۆ\"، لە لایەن نیزامییانی حکوومەتەوە کوژراون.

ئەم ڕێکخراوەیە، لە هەمبەری کوشتنی ئەسپی کاسبکاران ڕایگەیاندووە: \"چۆن دەبێت ئەم زمان بەسراوە بێتاوانانە لە دادگای سەحراییدا، بکوژرێن.\"

ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار لەمبارەوە وتوویانە: \"ئەم کارە دەستدرێژییە بە گیانلەبەران و لە هیچ کوێی یاسادا ئاماژە بە کوشتنیان نەکراوە.\"

ئەم ڕیکخراوەیە لە درێژەدا وتوویەتی: \"وێڕای ڕەوایی دان بە کوشتنی کۆڵبەران، ئەسپەکانیشیان دەکوژن، تاکوو هەموو ڕیگایەکی نان دەرهێنانیان لێ ببەستن.\"

نیزامییان حکوومەت لە کوێستانی \"مێرگە چەکۆ\"ی پیرانشاردا، دەیان ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانیان دایە بەر دەسڕێژی و کەلاکی ئەم ئەسپانەیان هەروا لە سروشتدا بەرەڵا کردووە.