ڕێکخراوەی مەدەنیی کافە کتێبی ئەندێشە: بە ئیرادەوە لە وێستگەیەکی نوێی خەباتدا و لە سەنگەرێکی نوێدا بەربەرەکانیی وێژمانی دەست پێ دەکەینەوە

18:35 - 26 سەرماوەز 2721

‍ڕێکخراوەی مەدەنیی کافە کتێبی ئەندێشە بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەک ڕاگەیاند کە دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی، ستەمکارانە و بەر لە بڕیاری دادگا، بڕیاری داخستنی یێکجاریی کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشاریان دەرکرد.

دەقی بەیانییەی ‍ڕێکخراوەی مەدەنیی کافە کتێبی ئەندێشە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی خۆشەویست، چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

وەک ئاگادارن، هێزەکانی وەزاڕەتی ئیتلاعات لە کۆتاییی مانگی ڕابردوودا، بە هێرشکردنە سەر ناوەندی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشەی پیرانشار و دەستبەسەرکردنی سێ کەس لە هەڵسووراوانی ئەم ناوەندە، ڕۆژی ۲۲ی سەرماوەز بە شێوەیەکی نایاسایی ڕێگرییان لە درێژەدانی چالاکییەکانی ناوەندەکەمان کرد و دایانخست.

 

بیرۆکەی دامەزرانی ناوەندی مەدەنیی کافە کتێبی ئەندێشە لە دەرەنجامی ئاوڕدانەوەیەکی کریتیک و ڕەخنەگرانە لە بنەما تیۆرییەکان، فۆرماسیۆن و پێکهاتە و هەروەتر خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەزموونی ڕێکخراوە مەدەنییە سەرکەوتووەکانی کوردستان، لە ساڵی ۲۰۱۶ی زایینی لەدایک بوو.

ناوەندی ئەندێشە، لە سەرەتای دامەزرانییەوە وێڕای ئەوەی کە تێ کۆشا بە گەڵاڵەکردن و جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی هزری و کردەکی، ببێتە سەکۆیەکی ڕووناکبیری بۆ بیرمەندان، ئاکادێمیسییەن و توێژەرانی کوردستان ، هاوکات، لە جێدا هەوڵی دا لە ڕێگەی بەربڵاوکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ شەقام، وەک ڕێکخراوەیەکی خەڵکی و جەماوەری دەوەر بگێڕێت.

ناوەندی مەدەنیی ئەندێشە، وەک ڕێکخراوەیێکی ناحکوومەتی و سەربەخۆ، لە بواری وێژمانی و دیسکۆرسیڤەوە، خۆی نەتەوەیی و دێموکڕاسیخواز پێناسە کرد و لە توێی چالاکییەکانیدا سەرەڕای داکۆکیکردن و دەروەستبوون بە داڵ و ماکە ناسێنەرەکانی ناسنامە و گوتاری نەتەوەیی، هەوڵی دا بەستێنێکی گونجاو بۆ چالاکانی جوڵانەوەی ژنان، ژینگەپارێزی و هتد... پێک بێنێت. هەرچەند مخابن ناوەندی ئەندێشە، لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی گوشار و بەربەستە ئەمنی و ئیدارییەکانی دەوڵەت، تەنیا توانی بەشێک لەو بەرنامەیە جێبەجێ بکات کە لە نەخشەڕێگای ڕێکخراوەدا گونجێندرابوو.

هاووڵاتییانی خۆشەویست!

دوای هێرشی هۆڤانەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ڕێکخراوەکەمان و دەستبەسەرکرانی سێ کەس لە بەڕێوەبەران، بەداخەوە دەبێ پێتان ڕابگەیێنین کە دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی، ستەمکارانە و "بەر لە بڕیاری دادگا"، بڕیاری داخستنی یێکجاریی کافەکتێبی ئەندێشەی پیرانشاریان دەرکرد.

ئێمە وەک ڕێکخراوەی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە، هێرشی هێزەکانی وەزاڕەتی ئیتلاعات بۆ سەر ڕێکخراوەکەمان و هەروەتر دەکارکردنی توندوتیژی، لێدان، هەڵکێشانی چەک، هەڕەشەی گیانی و ئازاری دەروونیی سێ کەس لە بەڕێوەبەرانمان بە ناوەکانی "خەبات خەتیاڵ، جەهانگیر ساغەرنیا و میلاد هاتێف"، بە توندترین شێوە مەحکووم دەکەین و بڕیاری داخرانی ناوەندی کافەکتێبی ئەندێشە بە بڕیارێکی ئەمنی و لە "دەرەوەی یاسا" دەزانین.

ئێمە تەواوی ئەو تۆمەتە بێبنەمایانە ڕەت دەکەینەوە کە بە ناڕەوا خراونەتە پاڵ هاوڕێیانمان و دژایەتیی هەر چەشنە بڕیارێکی داسەپاو دەکەین. ئێمە دۆزی ناوەندی ئەندێشە بە دۆزی هەموو چالاکانی ئازادیخوازی کوردستان دەزانین و لەو قۆناغەدا درووشمی "خاتو زارا محەمەدی"، مامۆستای خۆڕاگر و دەروەستی زمانی کوردی دووپات دەکەینەوە و ڕایدەگەیێنین: ئەگەر هەوڵدان بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوایەتی و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافە سیاسی و مەدەنییەکانمان تاوانە، بێشک ئەوە بە تاوانێکی پیرۆز دەزانین!

شایەنی باسە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی داخرانی کافە و دەستبەسەرکرانی هاوڕێیانمان، شەپۆلێکی بەرینی پاڵپشتیکردن لە لایەن چالاکان و ڕێکخراوەکانی سەرانسەری کوردستان لە ڕاگەیێنە گشتییەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا وەڕێ کەوت. ئێمە وەک ڕێکخراوەی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە، ئەوپەڕی سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە شێوازی جۆراوجۆر لە ناوەندی ئەندێشە بەخاوەن دەرکەوتن و پاڵپشتییان لێ کردین. لە ڕاستیدا ئەم پاڵپشتییە دەری خست کە ڕێکخراوەی مەدەنیی ئەندێشە ئەگەرچی بە تەمەن ساوا بوو بەڵام بەخۆشییەوە پەیامە شوناسخوازانە و نەتەوەییەکەی لەو ماوە کەمەی چالاکییەکانیدا لە هەموو ناوچەکانی وڵات بیسرا و وەرگیرا و چالاکان ڕێکخراوەیان بە هیی خۆیان زانی. پێ سەربەرزین کە سنووری ڕێکخراوەکەمان لە جغزی شارێکدا ناماوە و جێپەنجەی چالاکییەکانی لە دێلوڕان و لەکستانەوە تا چالدێڕان! دیارە.

 ناوەندی مەدەنیی ئەندێشە، بە درووشمی "بێشکەی بەرهەم‌هاتنی بیری ئازاد!" هاتە گۆڕەپانی خەباتەوە. نەیاران باش بزانن کە ئەگەرچی ناوەندی ئەندێشەیان داخست بەڵام هەرگیز بەو هێرشانە ناتوانن بیری ئازادیخوازی لە ناخماندا بکوژن و ئێستاکە تێکۆشەرانی کورد لە هەر سووچێکی ئەم نیشتمانەدا بێشکەی بیری ئازاد و ئازادیخوازی ڕادەژێنن!

لە کۆتاییدا، دڵنیایی دەدەین بە خەڵکی کوردستان کە ناحەزانی نەتەوەکەمان هەرگیز ناتوانن بە داخستنی ناوەندی ئەندێشە و سزادانی چالاکان، ئەم کاروانە مافخوازە بوەستێنن و بێگومان بە پاڵپشتیی خەڵکەکەمان و بە ئیرادەوە لە وێستگەیەکی نوێی خەباتدا و لە سەنگەرێکی نوێدا بەربەرەکانیی وێژمانی دەست پێ دەکەینەوە.

ڕێکخراوەی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە (پیرانشار)

٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی