ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان گیراوەیەک بۆ گەنبڕکردنی دەست و پل ئامادە دەکەن

10:03 - 25 رەشەمه 2719

ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بە پێکهێنانی تیمگەلێک دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، گیراوەیەک بۆ گەنبڕکردنی دەست و پل ئامادە دەکەن و لەنێو هاوڵاتییاندا بڵاوی دەکەنەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تەشەنە دەستێنێت و حکوومەتی ئێران توانانی بەڕێوەبەریی قەیرانەکەی نییە و ڕێکخراوە خەڵکییەکان بە هانای کۆمەڵگاوە دەچن.

لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، خەڵک و چالاکانی مەدەنی بە شێوەی خۆبەخشانە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا چالاکی دەکەن و گیانی هاووڵاتییان لەم پەتایە دەپارێزن.

پێشتر خەڵک بۆ خۆیان دەمامکیان لەنێو شاردا بڵاو دەکردەوە و دواتر پاش کۆکردنەوەی دەمامک و پێداویستییەکانی تر لەلایەن سپای پاسداران و دەستپەیوەندییەکانیانەوە، خەڵک بۆ خۆیان دەمامکیان دروست کرد و بڵاویان کردەوە.

هەروەها خەڵک بۆ خۆیان شەقام و کۆڵان و شوێنە گشتییەکانیان بە ماددەی دژەگەند پڕژاند و بە هانای کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەکانەوە چوون.