ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری بۆکان لە بەیاننامەیەکدا داوا لە خەڵک دەکەن لە ماڵ نەیەنە دەرەوە

09:57 - 25 رەشەمه 2719

ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری بۆکان، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن کە بۆ پێشگیری لە تەشەنەسەندنی زۆرتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماڵدا بمێننەوە و ڕێنوێنییە پێشگیرییەکان ڕەچاو بکەن.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

هاوشارییانی خۆشەویستی شاری بۆکان!

هەر وەکوو ئاگادارن، ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرۆکی وڵات و بەتایبەت شارەکەمانی گرتووە و بەداخەوه ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی تووشبووان بەرز دەبێتەوە، هەرچەند ڤایرۆسەکە هەتا ئێستا چارەسەریی بۆ نەبیندراوەتەوە، بەڵام بە خۆپاراستن دەتوانین خۆمان لە تووشبوون بەو ڤایرۆسە بپارێزین.

بۆیە نابێ لە ماڵ بچینە دەرێ، مەودای نێوانمان لە میتر و نیوێک كەمتر نەبێت، بۆ کڕینی پێداویستیی گرینگی نێوماڵ تەنیا یەک کەس بڕوا و دابینی بکات، هەموو ڕێکارە تەندروستییەکان کە دەبێتە هۆی پاراستنی گیان و پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە ڕەچاو بکەین.

لە بەرەبەرەی نەورۆز و ئەم بۆنە نەتەوەییەشدا ناچارین لە ماڵەکانمان بمێنینەوە بۆ ئەوەی هەلی زیاتر بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نەڕەخسێت. کەواتە پێویستە زۆر ئاگادار بین و ئەوەی لە تواناماندایە بۆ پاراستنی خۆمان و هاوڵاتییان درێغی نەکەین.

هەر بەو پێیە تکا لەو خاوەن ماڵ و دووکانانە دەکەین کە کاتی چۆڵکردنی ماڵ و دووکانەکانیان هاتووە، بۆ بەرگریکردن لە تەشەنەی کۆرۆنا مۆڵەت بە کرێنشینەکانیان بدەن تا بتوانین پێکەوە بە باشی بەرەنگاری ئەو کۆستە گەورەیە ببینەوە.

هەراسان نەبین و پابەند بین بە ڕێنوێنییە پزیشکییەکان و ڕەچاوکردنی یاساکانی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ هیوادار بین بە داهاتوویەکی گەش و دوور لە قەیران و کارەسات؛ بێگومان بە یەکدەنگی و هاوکاریی یەکتر بەسەر ئەم بەڵایەشدا زاڵ دەبین.

بەسپاسەوە

کۆی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری بۆکان