ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سەقز هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار دەکەن

16:44 - 20 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سەقز ڕاگەیەندراوەکیان لەسەر هێرشی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیاندنی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سەقز لەسەر هێرشی هۆڤانەی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا

لەسەردەمی بایەخ‌دان بە بەها مرۆڤییەکان و هەوڵ بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، دیسانەوە کوردستان بوو بە هەوێنی سەودای زلهێزان و داگیرکەرانی کوردستان. حکوومەتی فاشیستی تورکیا لە پان‌تورکیزمی ئاتاتورکەوە تا نێۆعوسمانیزمی ئاک‌پارتی، بۆ کوشتن و بڕین و کاولکاری، لەهەمبەر کورد و کوردستان دڕندەیی ڕەهای نواندووە.

ئێمە، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شار و دێهاتی سەقز و ساحێو  سەرەڕای شەرمەزار کردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا بە پێی خاڵەکانی خوارەوە هەڵوێست دەگرین و بە جەماوەری کوردستانی ڕادەگەیێنین.

۱- کوردستان هەردەم بووە بە ئامرازی زلهێزان و کاولکاریی داگیرکەران، لەوەها دۆخێکدا پێویستە هەر تاکێکی کوردستانی بە سیاسەتوان و سیاسیکار و چالاکی مەدەنی و هونەرمەندەوە لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی داکۆکی بکات.

۲- داوا لە جەماوەری کوردستانی ڕۆژ ئاوا بە هەموو لایەنە سیاسیەکانییەوە دەکەین کە تەبایی و یەکڕێزیی خۆیان لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەییدا پێک بهێنن و کوردستان لەسەرەوەی هەر ئیسم یان ڕێبازێکی سیاسی و ئیدێولوژیک بێت.

۳- وێڕای ئەوەی کە ئاواتە خوازین ڕۆژئاوا لە دۆز و خەباتی ڕەوادا سەربکەوێ، پێویستە خۆیان لە لێکدانەوەی ناڕاست لە دۆخەکە بپارێزن و لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیهانیدا چالاک ببنەوە.

ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سەقز و ساحێب

 ئەنجومەنی فەرهەنگی هیوای زانست

 ئەنجومەنی ژیاری ساحێب

 ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز

ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی نیشتمان

ئەنجومەنی فەرهەنگی نۆژین

ئەنجومەنی ئەدەبی شنەی ئەوینی کانی گۆمەیان ساحێب