ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران چالاکێکی مەدەنی لە سنە دەسبەسەر کرد

19:40 - 30 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، چالاکێکی مەدەنیان دەسبەسەر کرد و بۆ گرتنگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییە ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی مەدەنی بە ناوی \"کەریم ئەسغەری\" بە هۆکاری نادیار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە لە شاری سنە دەسبەسەر کرا.

دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، سێ ڕۆژ پاش ئازادکردنی هاوژینەکەی بە ناوی \"مێهرانە مورادی\" بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ڕووی داوە.

\"مێهرانە مورادی\" مامۆستا و هاوژینی کەریم ئەسغەری، ڕۆژی ٤ی ڕەزبەر لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتنگەی ئەو ئیدارەیە ڕاگوێزراوە و پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوە دوای ٤٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگایەکەی ئازاد کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، \"مادح فەتحی\" هاوژینی \"سەحەر کازمی\" چالاکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری سنە و دایکی ناوبراو بە ناوی \"مەهوەش ئەمیری\" پاش بانگهێشتیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەی ئەو ئیدارەیە گوازرانەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژ، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە‌بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی \"سەحەر کازمی\" و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.