ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ: دەزگای قەزایی ئێران بە زووترین کات ناڕازییان ئازاد بکات

20:32 - 20 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ، نیسبەت بە گیان لەدەستدانی ناڕازییان لە گرتووخانەکانی حکوومەتی ئێراندا، نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، ڕاپۆرتە نوێیەکان باس لە کوشتنی ناڕازییان لە زیندانەکانی ئێراندا دەکەن و لەم پێوەندییەدا ئەم ڕێکخراوەیە نیگەرانی چارەنووس و گیانی ئەو کەسانەیە.

\"سارا لی ویستۆن\" بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بواری مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە: \"ئەو ڕاپۆرتانە باسی گیان لەدەستدانی زیندانییان دەکات، دەبێ لەو بارەوە بە زوویی بەدواداچوون بکرێت و هەر بەرپرسێک کە هەڵسووکەوتی خراپ دەکات، دەبێ دادگایی بکرێت\".

لی ویستۆن، لەو پێوەندییەدا باس لە کوشتنی ناڕازییانی ساڵی ٢٠٠٩یش دەکات، کە لە زیندانی کەهریزەکدا کوژراون.

ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ، لە ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لەوە کردووە، کە نزیک بە ٢ هەزار کەس گیراون.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە: نوێنەرانی مەجلیسی ئێران و سەرکۆماری ئێران کە ئیدعای پشتیوانیی لە ناڕەزایەتی ئارام دەکەن، وڵامدەری ئەم دۆخەی ئیستا ببن.