ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێعدامی نەهێنیی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"یان مەحکووم کرد

12:49 - 14 پووشپەڕ 2720

‌ ١٤ کارناسی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئێعدامی نەهێنیی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی کوردیان مەحکووم کرد.

بەیاننامەی کارناسانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێعدامی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"یان پێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکان زانی.

کارناسانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە نامەکانی ئەوان بۆ حکوومەتی ئێران لە دوو ڕێکەوتدا، ١٥ی مانگی مەی و ١٧ی ژووئەن، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەبێ وڵام ماوەتەوە.

کارناسانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە حکوومەتی ئێران کردووە کە تەرمی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە و هەروەها زانیاریی ورد لەسەر چۆنیەتیی ئێعدامکرانی ئەو زیندانییە سیاسییە بڵاو بکەنەوە.

کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپووریان بە بەشێک لە سیاسەتی ئێعدام و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە ئێران گەڕاندەوە و خوازیاری کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەلایەن حکوومەتی ئێران دژی دژبەرانی خۆی بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان- ژێنێڤ، پێشوازیی لە بەیاننامەی کارناسانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی مەحکوومکراو بە ئێعدام، لە زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، خەڵکی شنۆ، ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ٩٥، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێنانی زۆرەملێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بە تۆمەتی "بغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بەسەر "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" سەپاند.

 ئەو حوکمە لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرابووەوە و دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دووبارە ڕەوانەی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرابوو.

دادگاییکردنی دووبارەی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم کراوە بە ئێعدام، ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە ئامادەبوونی نوێنەری دادستانی شاری ورمێ بەڕێوەچوو و ناوبراو بۆ دووەمین جار بە ئێعدام مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بەو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرابوو.

دۆسیەی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" پاش بڕینەوەی حوکمەکەی لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕەوانەی لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات کرابوو و ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، پشتڕاست و حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.