ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانیـ"ـی بە توندی مەحکووم کرد

11:48 - 30 سەرماوەز 2721

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری کامێرانی بە توندی مەحکووم کرد.

"مەحموود ئەمیری موقەدەم" بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە: "سەرەڕای نامرۆڤایەتی بوونی سزای لەسێدارەدان، حەیدەر قوربانی لە زینداندا تووشی ئازار و ئەشکەنجە بووە و بەبێ نیشاندانی بەڵگەیەک و لانیکەم مافی دادگاییەکی دادپەروەرانە، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو".

ئەمیری موقەدەم هەروەها وتی: "ئەو حوکمەی لەسێدارەدان بەپێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیش نایاساییە. ئامانج لەو جۆرە لەسێدارەدانانە پێکهێنانی کەشێکی ترس لە کۆمەڵگە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی زۆربوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەمەڕ دەسەڵاتدارانی بێکیفایەتی کۆماری ئیسلامییە".

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز، "حەیدەر قوربانی" زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی سنە ئێعدام کرا.

ساڵح نیکبەخت لە وتووێژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، وێڕای پێداگری لەسەر ئەوەیکە، "حەیدەر قوربانی" بەبێ سەلمێندراوبوونی تۆمەتەکەی و پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی لە سێدارە دراوە، ڕایگەیاند: "من وەکوو پارێزەری حەیدەر قوربانی بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی نەبووم و هیچ جۆرە ئاگادارییەک لەمەڕ لەسێدارەدانی حەیدەر بە بنەماڵەکەی نەدراوە".