ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان خوازیاری ئازادیی زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی و دابڕگەی سەرتاسەری بوو

12:22 - 20 خاکەلێوه 2720

بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان (ڕیکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان) خوازیاری توندوتۆڵگرتنی دابڕگەی سەرتاسەری، دوورکەوتنەوە لە یەکتری، ئازادیی زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی بوو.

هەروەها ئەو ڕێکخراوەیە، خوازیاری ئاسانکاری بۆ ئازادیی زیندانییانی دیکە، دابینکردنی بژیوی ژیانی بێکاران، کرێکاران، کاسبکارانی کەم‌داهات، فەرمانبەران و جووتیاران لە کاتی دابڕگە دایە.

ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ساڵی ٨٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠٠٥ی زایینی لە کوردستانی ئێران دامەزرا و دەستی بە کار و چالاکی کردووە.

ئەو ڕێکخراوەیە، "دابینکردن و گارەنتی مافی مەدەنیی و سیاسی، مافی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی، مافی بە کۆمەڵی ئاشتی، مافی پەرەپێدان، مافی هەبوونی ژینگەی شیاو و مافی دیاریکردنی چارەنووس" لە ئامانجی سەرەکی و گشتیی خۆی دەزانێ.