ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی و دەوڵەتی کانادا بۆ ئازاد بوونی \"هۆما هوودفەر\" تێدەکۆشن

15:44 - 22 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: دەوڵەتی کانادا وڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، سەبارەت بە بارودۆخی جەستەیی \"هۆما هوودفەر\"،مامۆستای ئێرانی –کانادایی لە زانکۆی \"کنکوردیا\" هەڵوێستێکی تووندییان گرتووە و ڕایەنگەیاندووە کە بۆ ئازاد بوونی ناوبراو هەموو هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان دەکەن.

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ناوبراو لە لایەن کاربەدەستانی ئیتلاعاتی سپاوە قۆڵبەست کراوە و بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی
کانادایی\"«گلوباندمیل»،\"عمرالجبرا\"، جێگری پارڵمانی وەزارەتی دەرەوەی کانادا، ڕۆژی پێنجشەممە،ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردان، لە کۆبوونەوەیەکی هەواڵنێریدا، ڕایگەیاندووە کە: ئەم کێشەیە زۆر گرینگە، ئێمە زۆر بۆ ناوبراو نیگەرانین و هەر کارێک بتوانین دەیکەین تاکوو هوودفەر ئازاد بکرێت.

هۆما هوودفەر تەمەن ٦٥ ساڵانە وڕۆژی ١٧ی جۆزەردان بە دووای بەنگهێشت‌کرانی بۆ ئەمنییەت لە تاران، قۆڵبەست کراوە، بەڵام هۆکاری قۆڵبەست‌کرانیڕوون نەکراوەتەوە.

\"عمرالجبرا\" ڕایگەیاندووە، کە دەوڵەتی کانادا هەموو هەوڵی خۆی دەدات تا هۆکاری دەستبەسەربوونی ئەم مامۆستایە ڕوون بکرێتەوە.

لەو پێوەندییەدا،ڕۆژنامەی \"«گلوباندمیل» هێمای بە گوتەکانی وەزیری دادوەریی حکوومەتی ئێران کردووە کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندووە، مەبەستی حکوومەتی ئێران لە دەستبەسەرکردنی ئەم مامۆستایەی زانکۆ،کەڵک وەرگرتن لە ناوبراو بووە بۆ وەرگرتنەوەی \"مەحموودڕزا خاوەری\" بەرپرسی پێشووی بانکی میللی ئێران، کە به دزی لە لایەن حکوومەتی کاناداوە تاوانبار کراوە.

\"موستەفا پوورمحەممەدی\"، وەزیری دادوەریی حکوومەتی ئێران،ڕایگەیاندووە کە کانادا هاوکارییەکی دۆستانەی بۆ گەڕاندنەوەی\"مەحموودڕزا خاوەری\" لەگەڵ حکوومەتی ئێران نەکردووە، بەڵام ئێمە هیوادارین لە داهاتوودا ئەم هاوکارییە ڕووبدات.

\"مەحموودڕزا خاوەری\"،لە تاوانبارانی دزی سێ هەزار میلیاردییە کە بۆ کانادا پەنای بردووە و لە ساڵی ١٣٩٠ تاکوو ئێستا لە کانادا بەسەر دەبات.

هەر لەم سەبارەتە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی هەینی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، داوایلە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کردووە کە هۆما هوودفەر ئازاد بکرێت.