ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، سەبارەت بە حوکمی قامچی گۆرانیبێژێکی کورد دژکردەوەی نیشان دا

20:24 - 10 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، بەڕێوەچوونی لێدانی ١٠٠ قامچی لە گۆڕانیبێژێکی کوردی خەڵکی شاری ورمێی بە \"دڕندانە و ترسێنەر\" ناو لێ برد.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە دژکردەوەیەکیدا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی لێدانی ١٠٠ قامچی لە \"پەیمان میرزازادە\"، گۆرانیبێژی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ، ڕایگەیاندووە کە بەڕێوەبردنی ئەو حوکمە نیشانەی دڕندە‌بوونی سیستمی دادوەریی ئێرانە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە: \"مەترسیدارە کە پەیمان میرزازادە لە ئەگەری وەها سزایەکی بێڕەحمانەدایە و ئەم سیستمە دادوەرییە دڕندانەیە\".

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی پێداگری کردووە کە بەڕێوبردنی حوکمی لێدانی قامچی ئەم گۆرانیبێژە کوردە سەلمێنەری ئەشکەنجەیە و بەپێی یاسای نێونەتەوەیی، بە تاوان دێتە ئەژمار و حکوومەتی ئێران دەبێ ئەم کردەوە و کردەوەکانی دیکەی سزادانی جەستەیی وەکوو بڕینی ئەندامەکان هەڵبوشێنێتەوە.

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە خوازیاری دەسبەجێی ئازادکردنی ئەم هونەرمەندە کوردە بووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی گەلاوێژ، حوکمی لێدانی ١٠٠ قامچی لە \"پەیمان میرزازادە\"، گۆرانیبێژی کورد، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لە لقی چواری دادگای تاوانەکانی ئەو شارەدا بەڕێوەچوو و ناوبراو سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئەو حوکمەوە، مانی لە خواردن گرتووە.

پێشتر لە لایەن لقی ١١٠ی دادگای ئینقلابی گشتیی شاری ورمێ، ناوبراو بە تۆمەتی \"خواردنی مەشرووب و هەروەها بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان\"، ئەو حوکمەی بە سەردا سەپابوو.