ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی خوازیاری کۆتاییهێنان بە حوکمی ١٢ ساڵەی زیندانیکردنی نادادپەروەرانەی "زەینەب جەلالیانـ"ـە

11:07 - 9 رەشەمه 2719

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا، داوای لە ئێران کرد کە کۆتایی بە ١٢ ساڵ زیندانیکردنی نادادپەروەرانەی "زەینەب جەلالیان"، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی خۆی بهێنێت.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا، هاتووە: "زەینەب جەلالیان لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٨٦دا بەهۆی هاوکاری لەگەڵ لقی سیاسیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەسبەسەر کراوە".

"زەینەب جەلالیان" ٨ مانگ لە ژووری تاکەکەسی بەبێ دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر ڕاگیرابوو. ناوبراو وتوویەتی کە لەو ماوەیەدا، مەئموورانی ئیتلاعاتی ئازار و ئەشکەنجەیان داوە، بەتایبەتی بە لێدانی قامچی لە لاقەکانی، لێدانی مستەکۆڵە لە زکی و کوتانی سەری بە دیوار. هەروەها هەڕەشەی دەستدرێژییان کردووەتە سەری. "زەینەب جەلالیان" لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٨٧ بە تۆمەتی "موحاربە" بە ئێعدام مەحکووم کرا.

دادگایی کردنی "زەینەب جەلالیان" نادادپەروەرانە بووە و زیاتر لە چەند خولەک ئەو دادگایی کردنە درێژەی نەکێشاوە. لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشان سەرەڕای نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەر "زەینەب جەلالیا"ن سەبارەت بە چالاکیی ئەو زیندانییە سیاسییە لە شەڕی چەکداریدا، ناوبراوی بە "شەڕی چەکدارانە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران" تاوانبار کردووە.

دادگا پاش ئاماژەدان بە هاوکاریی "زەینەب جەلالیان" لەگەڵ لقی سیاسیی پژاک و چەندین جار هاتوچۆکردن لە نێوان ئێران و عێراق، لە دوایین دادگاییدا نووسیوویەتی: "ناوبراو لە چەند ئۆپراسیۆنی تێرۆریستی بەشداری کردووە بەڵام لە بڵاوکردنەوەی ڕاستییکان خۆی دەبوێرێت". ئەو بەڵگانە پێشێلکردنی بەرچاوی تەواوی بێتاوانیی ناوبراوە کە بە پێی ئەو بەڵگانە تاوانبار مافی هەیە بێتاوان بناسرێت، مەگەر ئەوەیکە سزای ئەو، بەپێی یاسا لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دوور لە هەر چەشنە گومان و دوو دڵییەک لەلایەن دۆزگەرەوە سەلمێندرابێت.

"زەینەب جەلالیان" تەنیا چەند حەوتوو پێش لە دادگایی کردنی ئیزنی وەرگرتنی پارێزەری هەبووە، سەرەڕای ئەوە، دادگاییکردنی ناوبراو بەبێ ئامادەبوون و ئاگاداربوونی پارێزرەکەی بەڕێوە چوو. حوکمی لەسێدارەدانی لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٨٨ لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە، بەڵام دواتر لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٠ لەسەر بڕیاری لێبووردنی ڕێبەری نیزام، بۆ زیندان  گۆڕدرا و کەم کرایەوە.

"زەینەب" ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، لە شارستانی ماکۆ سەر بە پارێزگای ورمێ لەدایک بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، لە کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاشان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامیەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان، بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.