ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی: بەرپرسانی ئێران گیان و تەندروستیی سۆعدا خەدیرزادەیان بە کایە گرتووە

12:24 - 16 بانەمەڕ 2722

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە دژکردەوەیەکدا، لەمەڕ بارودۆخی تەندروستیی سۆعدا خەدیرزادە، ژنە دووگیانی دەسبەسەرکراو لە زیندانی ورمێ، کە بە نیشانەی ناڕوونبوونی چارەنووسی مانی لە خواردنی چێشت و دەرمان گرتووە، ڕایگەیاندووە: "دەسبەسەرکردنی سۆعدا دژایەتیی لەگەڵ پێوەرەکانی دادڕەسیی دادوەرانە هەیە و لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە ئەم کارە خۆسەرانە دێتە ئەژمارە."

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە هەروەها ڕایگەیاندووە: "بەرپرسانی ئێران لە هەوڵێکی بێبەزەییانەدا، گیان و تەندروستیی ژنێکی دووگیان بە ناوی سۆعدا خەدیرزادەیان بە کایە گرتووە. ئەو زیندانییە کورد کە بە شێوەی خۆسەرانە لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ دەسبەسەر کراوە، لە هەشتەمین مانگی دووگیانیدایە و لە نەخۆشیی دڵ و گورچیلە دەناڵێنێت. لەگەڵ ئەوەش، بەرپرسان ناوبراویان لە دەستپێڕاگەیشتن بە چاوەدێریی پزیشکیی پسپۆڕ، کە پێویستی بە ڕەوانەکردنی بۆ  ناوەندێکی دەرمانی لە دەرەوەی زیندان هەیە، بێبەری کردووە".

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی دەڵێت: "سۆعدا خەدیرزادە لە ڕۆژی ٦ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠١، بەهۆی ناڕەزایەتی لە ٧ مانگ ناروونیی دەسبەسەرکرانی، بەبێ پێڕاگەیاندنی تاوانەکانی یان دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە ناوبراو لەلایەن بەرپرسان و هەروەها بێبەریکردنی لە چاوەدێریی پزیشکیی پسپۆڕیی کە بارودۆخێکی زۆر خراپی بۆ ئەو ژنە زیندانییە پێک هێناوە، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردنی چێشت و دەرمان. لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، پزیشکانی زیندان ڕایانگەیاندووە  کە سۆعدا پێویستی بە چاوەدێریی پزیشکیی پسپۆڕی لە دەرەوەی زیندان هەیە، بەڵام بەرپرسانی دادوەری لەگەڵ مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات، ئەو ژنە دووگیانەیان لە چاوەدێریی پزیشکی بێبەری کردووە".

لێبووردنی نێونەتەوەیی هەروەها دەڵێت: "سۆعدا لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠، لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری پیرانشار دەسبەسەر کرا. لە پەیامێکی دەنگیدا کە لە ناوخۆی زیندان بۆ دەرەوەی زیندان نێردراوە، ناوبراو وتوویەتی کە پاش دەسبەسەرکرانی، بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ لە گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری پیرانشار ڕاگیراوە و لێپرسینەوەی توندی لەگەڵ کراوە. ئەو پاش سێ حەوتوو بۆ بەندی ژنانی زیندانی ورمێ ڕاگوێزراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لەو زیندانە زیندانییە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سۆعدا خەدیرزادە لە کاتی دەسبەسەری هەرگیز ئیزنی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری نەبووە. دەسبەسەرکردنی ئەو دژایەتیی لەگەڵ پێوەرەکانی دادڕەسیی دادوەرانە هەیە و لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە ئەم کارە خۆسەرانە دێتە ئەژمار، چوونکوو بەبێ ئاگادارکردنەوەی لە هۆکاری دەسبەسەرییەکەی، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە دەسبەسەریی کاتیدا بووە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو".

سۆعدا خەدیرزادە کە لە ڕۆژی سیشەممە ٦ی بانەمەڕ، لە بەندی نسوانی زیندانی ورمێ دەستی داوەتە مانگرتن، هەتا ئێستا لە مانگرتنکەی بەردەوامە.

یەکێک لە هاوبەندەکانی ئەو ژنە هاووڵاتییە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: "پاش مانگرتن لە خواردن و دەوا و دەرمان، بەرپرسی زیندان ناوبراوی بانگهێشت و گوشاری بۆ سۆعدا هێناوە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت."

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بەرپەرسانی زیندانی بەنیسبەت دۆخی تەندروستیی ئەو ژنە دووگیانە کەمتەرخەمن و ئامادەی وڵامدانەوەی داواکارییەکەی سۆعدا نین.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ئەوەشی خستبووە ڕوو: مانگرتنی ئەو ژنە دووگیانە نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە و لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سۆعدا پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ ئەو ژنە دووگیانە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردبوو.

سۆعدا خەدیرزادە خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.