ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی: ئێران دەستبەجێ خزمەتگوزاریی دەرمانی بۆ سێ ژنی دەسبەسەرکراو دابین بکات

11:45 - 20 پووشپەڕ 2720

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە دژکردەوەیەکدا، لە هەمبەر ئەو ڕاپۆرتانەی تایبەت بە "زەینەب جەلالیان" زیندانیی سیاسی و "نێرگز محەممەدی و سۆهەیلا حیجاب"، دوو داکۆکیکاری مافی مرۆڤ کە لە سەردەمی کۆرۆنا لە خزمەتگوزاریی دەرمانی بێبەری کراون، داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ خزمەتگوزاریی دەرمانییان بۆ دابین بکات.

ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە هەروەها ڕایگەیاندووە: "زەینەب جەلالیان لە دوو حەوتووی ڕابردوو، پاش ڕاگوازتنی لە زیندانی شاری ڕەی (قەرچەک) بۆ شوێنێکی نادیار، تووشی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ بووە".

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران دەکات کە دەستبەجێ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو زیندانییە سیاسییە ڕابگەیەنێت.

هەروەها ئەو ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندووە: "زەینەب جەلالیان کە لە پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکەی بێبەری کراوە، ئیزنی پەیوندیگرتنی بە بنەماڵە و پارێزەرەکەی پێ بدرێت".

ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، "زەینەب جەلالیان''، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ماکۆ، بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین ڕاگوێزرابوو.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان، "سۆهەیلا حیجاب" بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی قەرچەکی وەرامین کرابوو.