ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لەبارەی حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی سیاسیی کورد هاتە دەنگ

11:44 - 19 پووشپەڕ 2720

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بریتانیا لە داواکارییەکی ئانلایندا خوازیاری هەڵوشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی هووشمەند عەلی‌پوور، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدامە.

ئەو ڕێکخراوە مافی مڕۆییە، ڕای گەیاندووە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٨، لە دادگایەکی نادادپەروەانەدا، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، حوکمی سێدارەی بۆ بڕاوەتەوە.

 لە بەشێکی دیکەی ئەو داواکارییە ئانلاینەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە بریتانیاییەدا، هاتووە: "هووشمەند عەلی‌پوور، لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرە دیاریکراوەکەی بێبەری بووە و گوتوویەتی کە بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەدان و هەڵسوکەوتە نەشیاوەکان بەرانبەری ناچار بە دانپێنانی زۆرەملێ بووە.

ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، دادگای ئینقلابی شاری سنە، "هوشمەند عەلی‌‌پوور"، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتی بە لەسێدارەدان،هەروەها "محەمەد ئوستادقادر" خەڵکی شاری سەقزی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

 ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە کوردە، ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ١٠٨ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانیان، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ قەرەنتینەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزران و ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە دواتر ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٧ بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزران.

پاش دەستبەسەرکردنی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە، دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئیڕان دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو دوو بەندکراوە کوردەیان بڵاو کردەوە، دواتر بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوە ڕایان گەیاند کە ئەو دانپێدانانە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتدا بووە.