ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: محەممەد نەزەری و مەحموود ساڵحی دەستبەجێ و بێ مەرج ئازاد بکرێن

13:33 - 14 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: لێکۆڵەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە کاروباری ئێران، سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری محەممەد نەزەری و مەحموود ساڵحی هوشداری دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، مەحموود ساڵحی و محەممەد نەزەری دوو زیندانیی باوەڕمەند بە هۆی ناجێگربوونی باری تەندروستیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە و لە کاتی چارەسەریی دەستیان بە تەختی نەخۆشخانە بەند کرابوو.

ڕەها بەحرەینی، لێکۆڵەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە کاروباری ئێران، لە دژکردەوەیەک لە هەمبەر ئەو بابەتە ڕایگەیاند: \"جێگای داخە کە بەرپرسانی ئێران بە جێگای ئازاد کردنی دەستبەجێی مەحموود ساڵحی و محەممەد نەزەری، ئەو دوو کەسەیان وەک تاوانبار قۆڵبەست کردووە و لە گەڵ ئازار و ئەشکنجە و سووکایەتی کردن بەرەوڕوو بوونەتەوە\".

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران دەکات، کە محەممەد نەزەری و مەحموود ساڵحی دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئازاد بکرێن، هەتا ئەوان دڵنیابن لەوەی کە چارەسەری تایبەتی پزیشکی خێرایان لە دەرەوەی زیندان بۆ دەکرێت.

دەقی تەواوی هوشداری لێکۆڵەری کاروباری ئێران، لە بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دایە.