ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: لێدوانی بەرپرسی ستادی مافی مرۆڤی ئێران هەلپەرەستانەیە

16:53 - 29 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی،دژکردەوەی بە لێدوانی بەرپرسی ستادی مافی مرۆڤی ئێران،سەبارەت ڕێژەی کەمبوونەوەی ئێعدامەکان لە ئێراندا، نیشان دا.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە لێدوانەکانی محەممەد جەواد لاریجانی، بەرپرسی ستادی مافی مرۆڤی ئێران، لە وتووژێکدا لە کاناڵی ٢ی دەنگو ڕەنگی حکوومەتی ئێران ڕایگەیاندووە: \"محەممەد جەواد لارجانی، بە چاولێکردن لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕیکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە لە سێدارەدانەکان کە حەتووی ڕابردوو، بڵاو کراوەتەوە، باسی لە کەم کردنەوەی ڕێژەی لە سێدارەدانەکان لە ئێران بە \"دەسکەوتێکی زۆر گرینگ\" ناوبرد. ئەم لێدوانە هەلپەرستانە و جۆرێک بێرەحمی بە ئەژمار دێت.

ئەو ڕێکخراوه دەڵێت: \"ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا، هەزاران کەسی بە تۆمەتی پەیوەندیداری ماددەی سەڕکەر لە سێدارە داوە و بەم کارەش یاسا نێونەتەوەییەکانیان پێشێلکردووە.

بە وتەی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ئێران بە جێبەجێ کردنی حوکمی لە سێدارەدانی ٢٥٣ هاووڵاتی لە ساڵی ٢٠١٨، بە دووهەمین وڵاتی جیهان لە ئێعدام کردنی هاووڵاتییانی خۆی بە ئەژمار دێت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕاگەیاندووە: \"سزای ئێعدام بێڕحمانەترین و نامرۆڤانەترین جۆر سزایە، تەنانەت ئێعدام کردنی مرۆڤێک زیادە. هەتا بەرپرسانی ئێران لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدانی لە کارنامەی تێکەڵ بە خوێنی خۆیان کۆتایی نەهێنن، کاتێک بۆ سەربەرزی لە لایەن ئێرانەوە، نییە.

جەواد لاریجانی بەرپرسی ستادی مافی مرۆڤی ئێران، لە کاناڵی ٢ی دەنگو ڕەنگی حکوومەتی ئێران، لە پەیوەندیی لەگەڵ \"قیساس\" رایگەیاندبوو: \"ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دوژمنی ئێمەیە و ڕێژەی کەم بوونەوەی ئێعدام لە ئێران لە سەدا ٥٠ کەمی کردووە و ئەمەش دەسکەوتێکی گرینگ بۆ ئێمە بە ئەژمار دیت\".