ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: سیستمی دادپەروەیی سزا لە ئێران، وەڵامدەری گیانی هاووڵاتییان نییە

15:04 - 24 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی خۆدزینەوەی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لە ڕادەستکردنی تەرمی مامۆستایەکی کانادایی_ئێرانی، بۆ توێکاری دەروونی سەربەخۆ بە \"قایمکاریی بێڕەحمانە\" ناوزەد کردووە.

مەگدلنا مەغریبی، جێگیری باکووری ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە دژکردەوەیەکدا سەبارەت بە ڕاپۆرتی خۆدزینەوەی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، بۆ ڕادەستکردنی تەرمی کاووس سەید ئیمامی بە بنەماڵەکەی و دانانی پێشمەرج بۆ ئەسپەردە کردنی دەستبەجێی تەرمی ناوبراو، بەبێ توێکاری سەربەخۆ، ڕایگەیاند: پێشگرتنی بەرپرسان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە حاڵەتی مردنی گیان لە دەستدانی گوماناوی دوکتور سەید ئیمامی نیشانەی هەوڵێکی نەزۆک و بێبەرنامەیە بۆ شاردنەوەی هەر جۆرە بەڵگەیەک بۆ ئازار و ئەشکەنجە و کوشتنێک کە ئەگەری هەیە. کاووس سەید ئیمامی لە زیندانی ئیڤین شوێنێک کە دەسبەسەرکراوەکان لەژێر چاوەدێریدان و تەواوی کەرەستە کەسییەکانیان لێ دەسێندرێت، خۆکوژی لە وەها بارودۆخێکدا مەحاڵە.

ناوبراو دەڵێت: ئەوەی کە لە سەر جەستەی کاووس سەید ئیمامی شوێنی ئازار و ئەشکەنجە بوونی هەبێت و یا سەرەداوێکی دیکە لەو پەیوەندییەدا کە ئاماژە بە گیانی لە دەستدانی ناوبراو بکات، دەبێتە جێی سەرنجی جیددی ئێمە.

مەگدلنا هەروەها دەڵێت: ئێمە لە دەوڵەتی کانادا و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی داوا دەکەین، هەتا گوشار بۆ سەر بەرپرسانی حکوومەتی ئێران بهێنن کە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە پەیوەندیی لەگەڵ مردنی گوماناوی سەید ئیمامی لەگەڵ ستاندارەکانی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ ئەنجام بدات.

مردنی کاووس سەید ئیمامی، سێهەمین حاڵەتی مردنی گوماناوی ناڕازییەکانی مانگی بەفرانبارە، کە وەکوو خۆکوژی لە گرتووخانە ڕاگەیندراوە.

کاووس سەید ئیمامی ٤ی ڕێبەندان دەسبەسەر و لە لایەن مەئموورانی زیندانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە و لە ڕوانگەی لێبوردنی نێونەتەوەیییەوە ناوبراو زیندانییەکی عەقیدەتی بە ئەژمار دێت.