ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: حەیدەر قوربانی لە ئەگەری ئێعدامدایە

10:40 - 2 رەزبەر 2720

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بانگەوازێکدا، ڕایگەیاندووە حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، لە ئەگەری ئێعدام دایە و داوای لە بەرپرسی هێزی دادوەریی کردووە کە دەبێت دەسبەجێ بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕابگرن.

لەو بانگەوازەدا، هاتووە: "حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کوردی تەمەن ٤٧ ساڵ، لە ئەگەری ئێعدامدایە. بەرپرسانی ئیتلاعاتی، دادستانی و هێزی دادوەری ئوسوولی دادگاییەکی دادپەروەرانە لە دۆسییەی ئەو زیندانییە سیاسییە پێشێل کردووە و دادگای ئینقلابی شاری سنە، سەرەڕای ئەوەیکە لە بڕیاری خۆیدا ڕایگەیاندووە کە حەیدەر قوربانی هیچ کات چەکدار نەبووە، بەڵام ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "ڕاپەڕینی چەکدارانەی دژی بنەماکانی نیزام" (بەغی) بە ئێعدام مەحکووم کردووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەو بانگەوازەدا، ئەوەشی خستووەتەڕوو: دادگا بە پێچەوانەی یاسا پشتی بە "دانپێدانان" لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە، بە بێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی بەستووە و لە کاتێکدا کە حەیدەر قوربانی، قوربانی بێبسەروشوێن بوونی زۆرەملییە.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە هەروەها لە درێژەدا، ڕایگەیاندووە: "بەرپرسی هێزی دادوەری دەبێت دەسبەجێ بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمی لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی ڕابگرێت و وێڕای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدام، دەسپێڕاگەیشتنی ناوبراو بە بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی دووبارەی دادپەروەرانە، گارانتی بکەن".

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، دیوانی باڵای وڵات ئیعادەی دادرەسیی حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدامی لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە، ڕەت کردبووە.

 ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە تۆمەتی "بەغی" بە ئێعدام مەحکووم کراوە و دیوانی باڵای وڵات ئەو حوکمەی پشتڕاست کردووەتەوە.

پاش پشتراست کردنەوەی حوکمی ئێعدامی حەیدەر قوربانی لە دیوانی باڵای وڵات، پارێزەری دۆسیەی "حەیدەر قوربانی" زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام؛ داوای بەدواداچوون لە لقی هاوتەریب لە دادگای ئینقلابی سنەی کرد.

بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە لە دژکردەوەیەکدا، سەبارەت دەنگدانەوەی بەربڵاوی هەواڵی پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ئێعدامی حەیدەر قوربانی لە دیوانی باڵای وڵات لە میدیاکان، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەیان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کردووە.