ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان: دەسبەسەرکراوانی کوردستان ئازاد بکرێن

11:01 - 25 خەزەڵوەر 2721

دەبیرخانەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک خوازیاری ڕاگرتنی دەسبەسەرکرانەکان و هەروەها ئازادیی دەسبەجێی دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانە لە کوردستان بوو.

دەقی بەیانییەکە بەم چەشنەیە:

دەسبەسەرکراوانی کوردستان ئازاد بکرێن

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنی لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرتە پەیوەندیدارەکان، هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتی و چالاکی مەدەنی تەنیا لە سێ شاری مەریوان، بانە و سەقز، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە درێژەی دەسبەسەرکرانەکانی ئەم دواییانەدا، بەردەوامبوونی ڕەوتی دەسبەسەرکرانەکانی جیا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەو کەسانەی، زۆر جێی نیگەرانی دەزانێت و داوای لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە کە ئەم دەسبەسەرییانە ڕابگرن و بە زووترین کات ئەو کەسانە کە دەسبەسەر کراون ئازاد بکرێن و ڕێز لە ماف و ئازادیی تاکیی ئاشکرا لە یاساکان و جاڕنامەی مافی مرۆڤ بگرن.

ڕێکەوت: ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی

١٥ی نوامبەری ٢٠٢١ی زایینی

دەبیرخانەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان