ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان خوازیاری جێبەجێنەکردن و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی زیندانی "زارا محەممەدی" بوو

11:47 - 14 بەفرانبار 2721

دەبیرخانەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک خوازیاری جێبەجێنەکردن و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی زیندانی "زارا محەممەدی"، مامۆستای زمانی کوردی بوو.

دەقی ئەو بەیانییەیە بەم چەشنەیە:

بەیانییەی دەبیرخانەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان

خاتوو "زارا محەممەدی"، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی "نۆژینـ"ـە کە منداڵانی کوردی، فێری ئەلفوبێی زمانی دایکی و زمانی کوردی دەکرد. ناوبراو پێشتر دەسبەسەر کراوە و حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو کە حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ ئەو مامۆستای زمانی کوردییە بەپێی ئاگاداریی نزیکەکانی، لەم چەند ڕۆژەی دواییەدا، پشتڕاست کراوەتەوە".

دەبیرخانەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای بەداخبوونی خۆی سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی زیندانی بۆ ئەو مامۆستای زمانی کوردییە، خوازیاری جێبەجێنەکردن، پێداچوونەوەی دووبارە بەنیسبەت حوکمی داسەپاو و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی زیندانی بۆ ناوبراو بووە.

ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ / ٣ی ژانوییەی ٢٠٢٢

دەبیرخانەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان